سزای حه‌وت ساڵ زیندانی بەسەر به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی بانكی بازرگانی عێراقدا درا

به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بانكی بازرگانی عێراق سزای حه‌وت ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، به‌پێی مادده‌ی 340ی یاسای سزادانی عێراقی.
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق ئاشكرایكرد، دادگای تاوانه‌كانی ره‌سافه‌ی به‌غدا، سزای حه‌وت ساڵ زیندانی سه‌پاند به‌سه‌ر حسێن ئه‌زه‌ریی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی بانكی بازرگانی عێراقی.
حسێن ئه‌زه‌ریی، دوای تۆمه‌تباركردنی به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ حوزه‌یرانی 2011 عێراقی جێهێشت‌و چووه‌ به‌یروت، ئه‌زه‌ری ئه‌وكات تۆمه‌تباركردنه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌‌و، به‌پاكۆكردنی سیاسی ناویبرد.
به‌پێی مادده‌ی 340ی سزادانی عێراقی، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی ده‌وڵه‌ت به‌ ئه‌نقه‌سه‌ت زیان بگه‌یه‌نێت به‌ ماڵ‌و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و شوێنه‌ی كاری تێداده‌كات، سزا ده‌درێت به‌ زیندانیكردن له‌ حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت.
بانكی بازرگانی عێراق له‌ ته‌مووزی 2003 دامه‌زراوه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی 100 ملیۆن دۆلار.