كۆنترین هۆتێل و چەند خانووییەكی كەلەپوری سلێمانی نۆژەن دەكرێنەوە

لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی ، كۆنترین هۆتێلی سلێمانی و چەند خانوویەكی كەلەپوری شاری سلێمانی لە نۆژەنكردنەوەدان و پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت ساڵی ئایندە ژمارەیەكی زۆرتر لە خانووە كۆنەكان نۆژەن دەكەینەوە.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بەیاوەری قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی  و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری شوێنەواری سلێمانی و بەرێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، چەند پرۆژەیەكی نۆژەنكردنەوەی خانووە كەلەپوری و كۆنەكانی سلێمانی بەسەركردەوە.كە لە ئێستادا كاریان تێدا دەكرێت  و لەلایەن شوێنەواری سلێمانییەوە بەشێوەی راستەخۆ جێ‌ بەجێ‌ دەكرێن.
لەبەسەركردنەوەكەیدا پارێزگار پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی هۆتێل (فەرەح)ی سلێمانی بەسەركردەوە كە بە كۆنترین هۆتێلی سلێمانی ئەژمار دەكرێت و ساڵی 1920 دروست كراوە و دەكەوێتە نزیك شەقامی مەولەوی سلێمانی و بۆ نۆژەنكردنەوەكەی لەسەر بودجەی پارێزگا بری 1,800 ملیارد دیناری بۆ تەرخانكراوەو و بریارە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەكە بە 2 ساڵ تەواو بكرێت پاشان هۆتێلەكەو  ناوچەكەی دەوروبەری بكرێتە بازارێكی كەلەپوری بۆ كرین و فرۆشتی بابەتە كەلەپورییەكان.
پاشان پارێزگار هەردوو خانووی كەلەپوری ماڵی رەشید عوسمان چاوەش و عەلی مام شێخەی بەسەركردەوە كە لە ئێستادا كراون بە ناوی شوێنەواری سلێمانییەوەو ئەو بەرێوەبەرایەتییە كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ  ئەنجام دەدات.
ماڵی رەشید عوسمان چاوەیش: یەكێكە لە بینا كۆنەكانی سلێمانی و لەساڵی 1885 لەسەر رووبەری 1000 مەتر دووجا لەسەر دەستی وەستای كورد و فارس و تورك بونیاد نراوە، بیناكە لەئێستادا لەسەر بودجەی پارێزگا  نزیكەی 700 ملیون دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی دانراوەو بریارە دوای تەواوبوونی بكرێتە هۆتێلێكی كلتوری.
ماڵی عەلی مام شێخەش یەكێكە لە بینا كۆنەكانی سلێمانی ساڵی 1920 بونیاد نراوەو لەسەر بودجەی پارێزگا بەبڕی 500 ملیون دینار لەلایەن شوێنەواری سلێمانییەوە نۆژەن دەكرێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی لەمیانی بەسەركردنەوەی ئەو پرۆژانەدا وێرای دەستخۆشی لە ستافی سەرپەرەشتی كردنی پرۆژەكان و بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی, داوای كرد پەلە بكەن لە جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەكاندا و “هەوڵ بدەن ئەدگاری كەلەپوری بیناكان بە باشی بپارێزرێن و سودیان لێ‌ وەربگرێت لە  دروستكردنی ئەو بینایانەی لە ئێستادا دروست دەكرێت بۆ ئەوەی هونەری بیناكاری كوردی زیاتر بناسرێت و بینا نوێكان سیما و ئەدگاری كوردیان پێوە دیار بێت”
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: ساڵانی رابردوو بەهۆی كەمی بودجەو كەموكورییەكان لەبواری خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكاندا بۆ هاووڵاتیان، وەك پێویست نەمان توانییوە خانووە كەلەپورییەكان نۆژەن بكەینەوە، بەڵام لەمەودوا ساڵانە بودجە بۆنۆژەنكردنەوەیان دادەنێن و ساڵی ئایندە  ژمارەیەكی زۆرتر لە خانووە كۆنەكان نۆژەن دەكەینەوە.
بەرێوەبەری شوێنەواری سلێمانیش رایگەیاند، جگەلەو سێ‌ بینایە چەند خانووی تری كەلەپوری سلێمانی لەئێستادا لە نۆژەنكردنەوەدان و هاوكات پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی سەرای سلێمانی و ماڵی شێخ مەحمودی نەمر كاركردن تیدا بەردەوامە.