هەرێم .. ژنان زێڕ لەپێدەكەن

بەهۆی باشبوونی گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، خواست لەسەر كڕینی خشڵ و زێڕ زۆر زیادبووە و گەیشتووەتە رادەیەك كە ئێستا ژنانی كورد جگە لە دەست و ملیان دەیانەوێ قاچەكانیشیان بە زێڕ بڕازێننەوە. زێڕنگرانی شاری هەولێر دەڵێن ئێستا خواست لەسەر پێڵاوی زێڕ زۆر بووەو پیاوانیش خەنجەر و دەمانچە لە زێڕ هەڵدەكێشن.
جگە لە هەرزانبوونی نرخەكەی، باشبوونی باری ئابووریی خەڵكیش وایكردووە خواست لەسەر زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات. بەپێی ئامارەكان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا نزیكەی 96 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە كە 58 تۆن و 847 كیلۆ لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی ساخ كراوەتەوە، 38 تۆن و 814 كیلۆ لە شاری هەولێر و 1 تۆن و 671 كیلۆش لە بازاڕەكانی دهۆك. بەڵام بەشێك لەو زێڕە دەڕوات بۆ پارێزگاكانی خوارووی عێراق.
بەپێی زانیاری زێڕنگەران، نرخی سەرجەم ئەو زێڕەی كە هاوردە كراوە، بایی 10 ملیار دۆلار بووە كە بە بڕوای ئابووریناسان ئەوە بە دەرگایەكی گەورە دادەنرێت بۆ چوونە دەرەوەی سەرمایە بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان. 
زێڕنگەران دەڵێن هەرزانبوونی زێڕ بووەتە هۆكاری ئیفلاسبوونی چەند زێڕینگرێك و ژمارەی زێڕینگرانیش روویان لە زیادبوون كردووە. بەكر عەزیز، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی خشڵ بە (رووداو)ی راگەیاندوە “لە 10 مانگی رابردوودا نزیكەی 110 وەرشەی زێڕنگری مۆڵەتیان وەرگرتووە كە 60 زێڕینگریان لە هەولێر و 28 زێڕینگر لە سلێمانی و 22 زێڕینگریش لە دهۆك بووە”.
سەبارەت بە هاوردەكردنی ئەم بڕە زێڕەش بەكر عەزیز گوتی “ئەم زێڕە بەشێكی بۆ خوارووی عێراق دەڕوات و هەمووی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا ساغ ناكرێتەوە”. 
هاوردەكردنی ئەم بڕە زێڕە پێویستی بەچاودێرییەكی توند هەبووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆریی خشڵ لە ماوەی 11 مانگدا 109 زێڕینگر لەلایەن لیژنەكانی چاودێرییەوە تاقیكراونەتەوە و نزیكەی 50 تۆن زێڕ پشكنراوە و 1535 تەرازووی زێڕینگران كێش كراوە.
پێڵاوی زێڕ بازاڕی گەرمە
هەرزانبوونی نرخی زێڕ وایكردووە ئافرەتان تەنیا بەكڕینی گوارە و ئەڵقە و بازنی سادەوە نەوەستن، بەڵكو ئێستا داوای پارچەی گرانبەها دەكەن. بەیار ئەكرەم زێڕینگر دەڵێت “ئێستا ملوانكەی گرانبەها دروست دەكەین كە كێشی لە 30 مسقاڵەوە دەست پێدەكات تاوەكو 60 مسقاڵ، بازن دروست دەكەین نزیكەی 15 مسقاڵە و نرخی 4500 دۆلارە، ملوانكەی پان ئێستا خواستی زۆر لەسەرە و لە هیندستانەوە بۆمان دێت، چونكە لێرە ناتوانین دروستی بكەین و وردەكاری زۆری تێدایە و نرخی 10 هەزار دۆلارە، گۆبەرۆك و پشتێنی ئافرەتان نرخیان لە سەرووی 10 هەزار دۆلارە و خواستی زۆری لەسەرە”.
بەپێی قسەی ئەو زێڕنگەرە، ئێستا خواست لەسەر پێڵاوی زێڕ لەلایەن ژنانەوە زۆر بووە “تازەترین پارچە زێڕ كە ئێستا مۆدێلە و خۆمان دروستی دەكەین پێڵاوی ئافرەتانە كە 40 مسقاڵ زێڕی تێدا بەكاردەهێنین و نرخەكەی 18 هەزار و 500 دۆلارە”.
پیاوان خەنجەر و دەمانچە لە زێڕ هەڵدەكێشن
بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەكارهێنانی زێڕ لەلایەن پیاوانەوە حەرامە، بۆیە لە كوردستان كەمتر پیاوان زێڕ بەكاردەهێنن، بەڵام زێڕنگەران دەڵێن ئێستا پیاوانیش روویان لە بەكارهێنانی زێڕ كردووە، بەڵام جیاواز لەو شێوەیەی ژنان بەكاردێنن.
زێڕنگەر دیار عەزیز دەڵێت”بەشێك لە ماڵە ئاغاكان دێن و دەمانچە و كلاشینكۆف و خەنجەریشیان بۆ ئاوزێڕ دەكەین، ئەویش بەپێی ئەو ماددەیەی خەنجەرەكەی لێدروست كراوە ئایا ئاوزێڕ دەكرێت یان نا، نرخەكەشی بەپێی داواكارییەكەیە ئایا دەیەوێت تێچووی زۆر بێت یان نا”. گوتیشی ” بەگشتی ئاوزێڕكردنی خەنجەر 1000 دۆلار تاوەكو 40 هەزار دۆلاری تێدەچێت، ئێستا زیاتر بازاڕی ئاوزێڕكردنی خەنجەر گەرمە و زۆریشمان ئاوزێڕ كردووە”.
نرخی زێڕ ئەمساڵ دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێك نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 لەسەرەتای ئەمساڵدا 310 هەزار دینار بوو، لەسەرەتای مانگی شوباتدا نرخەكەی دابەزی بۆ 250 هەزار دینار، پاشان زیاتر دابەزی بۆ 220 هەزار دینار. زێڕینگران پێیانوایە هاوردەكردنی ئەم بڕە زێڕە پەیوەندی بە دابەزینی نرخەكەیەوە هەیە.
“چاولێكەرییە”
“خەرجكردنی نزیكەی 10 ملیار دۆلار بۆ كڕینی زێڕ لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە بەشێكی زۆری چاولێكەرییە و بۆ خۆنواندن بەكاردێت” ئەمە قسەی وشیار مەعروفی ئابووریناسە. وشیار دەڵێت “ئەمە تەجمیدكردنی پارەیە، ئێمە ئەو بڕە پارەیە دەكوژین لەجێی ئەوەی لە بواری وەبەرهێنان و بەرهەمهێناندا بیخەینە گەڕ”.
 بەبڕوای ئەو ئابووریناسە، كڕینی زێڕ بەو رێژە زۆرە نەبوونی متمانەی هاووڵاتیانە بە بازاڕی دارایی هەرێمی كوردستان و ناردنە دەرەوەی سەرمایەیە. گوتیشی ئەو بازاڕگەرمییەی زێڕ كاریگەری لەسەر ئابووریی كوردستان دەبێت “چونكە ئەگەر نرخی زێڕ دابەزێت ئەوكات زیانێكی زۆر دەكەین”.