جیهان بۆتە ماڵی دەوڵەمەندەكان

زۆرجار دەوترێ بەختەوەری‌ بەپارە ناكڕدرێ، بەڵام لەم رۆژگارەدا كڕینی‌ بەدوور نازانرێت. ئەوەتا بەدەستهێنانی‌ رەگەزنامەی‌ یەكێك لەوڵاتە ئەوروپاییەكان، كەڕەنگە بۆ زۆر كەس تەنیا خەونێك بێت، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی‌ لەوڵاتە پڕ لەئاژاوە‌و نائارامەكاندا دەژین، بۆ كەسانی‌ دەوڵەمەند‌و پارەدار هێنانەدی‌ ئەو خەونە ئاسانە، چونكە ئەوەتا دوورگەی‌ (ماڵتا) كەئەندامی‌ یەكێتی‌ ئەوروپایە بەنیازە لەداهاتوودا رەگەزنامەی‌ وڵاتەكەی‌ بفرۆشێت بەو دەوڵەمەندانەی‌ كەتوانای‌ كڕینی‌ رەگەزنامەكەیان هەبێت.
داهاتێكی‌ باش
ماڵتا دەیەوێ لەڕێگەی‌ فرۆشتنی‌ رەگەزنامەی‌ وڵاتەكەیەوە، داهاتی‌ وڵاتەكەی‌ زیاد بكات، نرخی‌ رەگەزنامەیەك 650 هەزار یۆرۆیە‌و (جۆزێف مسكات)ی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ ماڵتا خوازیارە لەم رێگایەوە دەوڵەمەندەكان رابكێشێت بۆ دوورگەكەیان‌و بەو شێوەیەش داهاتی‌ وڵاتەكەی‌ زیاد بكات.
پێشبینی‌ كراوە، لەكاتی‌ جێبەجێكردنی‌ بیرۆكەیەكی‌ لەو شێوەیەدا ساڵانە (200 بۆ 300) خواست لەسەر رەگەزنامەی‌ ماڵتایی هەبێت، خودی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ ماڵتاش لەو باوەڕەدایە لەساڵی‌ یەكەمی‌ جێبەجێكردنی‌ بیرۆكەكەدا وڵاتەكەی‌ نزیكەی‌ 30 ملیۆن یۆرۆ داهاتی‌ هەبێت.
كێشەیەكی‌ ئەخلاقییە
ئۆپۆزسیۆنی‌ ماڵتا ئەو بیرۆكەیەی‌ بەدڵ نییە‌و رەخنەی‌ لێدەگرێ، رەخنەكەشیان ئەوەیە كەئەو دەوڵەمەندەی‌ رەگەزنامەی‌ ماڵتا بەدەست دەهێنێت، ناچار ناكرێت هەر لەماڵتا بمێنێتەوە‌و وەبەرهێنانی‌ تێدا بكات.
ماندرێس كیندان توێژەری‌ پسپۆڕ لەبواری‌ كۆچ‌و كۆچكەراندا، كەبڕوانامەی‌ دكتۆرای‌ لەزانكۆی‌ (مۆنستەر)ی‌ ئەڵمانیا بەدەستهێناوە دەڵێ:»ئەو بیرۆكەیە كێشەیەكی‌ ئەخلاقی‌ دروست دەكات، چونكە لەكاتێكدا كە كەسانێكی‌ دەوڵەمەند دەتوانن بەئاسانی‌ رەگەزنامە بكڕن، ژمارەیەكی‌ زۆر كۆچبەر هەن هەر لەماڵتا كە لەبارودۆخێكی‌ زۆر خراپیشدا دەژین‌و بێهودە هەوڵی‌ بەدەستهێنانی‌ مافی‌ مانەوە دەدەن لەو وڵاتەدا».
قوبرسیش بەنیازە
ماندرێس ئاماژەی‌ بەوەشكرد، كەخەڵكی‌ ماڵتا زیانیان پێدەگات بەفرۆشتنی‌ رەگەزنامەی‌ وڵاتەكەیان، لەبەر ئەوەی‌ بەدەستهێنانی‌ رەگەزنامە بەتەنیا ماف نییە، بەڵكو ئەركیشە، دەبێ ئەو كەسە باج بدات، كەباوەڕ ناكەم ئەو كەسانەی‌ توانای‌ كڕینی‌ رەگەزنامەیان هەبێت، مل كەچ بكەن بۆ یاساكانی‌ باج.
قوبرس یەكێكە لەو وڵاتانەی‌ هەوڵی‌ داوە فرۆشتنی‌ رەگەزنامە بەكاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی‌ داهات بۆ وڵاتەكەی‌، لە 2013دا نیكۆس ئەناستاسیادیس سەرۆكی‌ ئەو وڵاتە ئاشكرایكرد، خوازیارە لەداهاتوودا رەگەزنامە بفرۆشێت بەخاوەنكار‌و وەبەرهێنەران، بەو مەرجەی‌ هەریەك لەو وەبەرهێنەرانە لەسێ ملیۆن یۆرۆ كەمتر وەبەرهێنان نەكات لەو وڵاتەدا. ئەم بیرۆكەیەی‌ سەرۆكی‌ قوبرس هەوڵێك بوو بۆ رازیكردن‌و راكێشانی‌ سەرمایەدار‌و وەبەرهێنە روسییەكان، كە لەكۆبوونەوەیەكی‌ ساڵانەی‌ ئابووری لەشاری‌ (لیماسۆل)ی‌ باشووری‌ قوبرس ئامادەبوون.
مافی‌ دەرفەتی‌ یەكسان
هەر لەوبارەیەوە (یان فیلیپ ئاڵبرێخت) ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ یەكێتیی ئەوروپا كەسەر بەحزبی‌ سەوزە دەڵێ:»ژمارەیەكی‌ بەرچاو لەو خەڵكانە هەن كە لەئەوروپا نیشتەجێ بوون، بەڵام تائێستاش چاوەڕێی‌ بەدەستهێنانی‌ رەگەزنامە دەكەن، پێویستە مافی‌ دەرفەتی‌ یەكسان هەبێت بۆ هەمووان لەمەسەلەی‌ بەدەستهێنانی‌ رەگەزنامەدا».
(یان فیلیپ ئاڵبرێخت) پێیوایە، ئەو جۆرە بیرۆكەیە بنەمایەكی‌ راستی‌ نییە، هیواشی‌ خواست سیاسەتێكی‌ هاوبەش هەبێت لەنێوان سەرجەم وڵاتانی‌ ئەوروپادا سەبارەت بەدیاردەی‌ كۆچ. جەختی‌ لەسەر ئەوەشكردەوە، پێدانی‌ رەگەزنامە بەكۆچبەران لەسەر بنەمای‌ جیاكاریی جێگەی‌ نیگەرانییە.