ئەمەریكا دەیەوێت داهاتەكە لە بۆرسەی نیویۆرك كۆ بكرێتەوە

پسپۆرێكی ئابوری توركی رایگەیاندووە، هۆكاری ناكۆكی ئەمریكا لەگەڵ نەخشەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێی توركیاوە، ئەوەندەی ئابورییە ئەوەندە سیاسی نییە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ، لەزاری سەلاحەدین بەكمەز، پرۆفیسۆر و شارەزای ئابوری دەڵێت: سەرەتا بڕیارە رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت و دواتریش یەك ملیۆن بەرمیل هەناردە بكرێت، بڕیارە دوای ساڵی (2015)، هاوكات لەگەڵ نەوتدا غازی سروشتیش هەناردە بكرێت.
سەڵاحەدین بەكمەز، ئەوەش دەڵێت: ترسی ئەمریكا لەو پرۆژەیە، چۆنێتی كۆكردنەوەی داهاتی نەوت و دابەشكردنیەتی، ئەمریكا دەیەوێت ئەو داهاتە لە رێگەی بۆرسەی نیۆیۆركەوە كۆبكرێتەوە و هەر لەلایەن ئەو بۆرسەیەوە دابەش بكرێت، پرۆژەی توركیاش ئەوەیە كە داهاتی ئەو نەوتە لە بانكێكی توركیدا كۆبكرێتەوە و لە لایەن توركیاوە دابەش بكرێت، بۆیە ناكرێت چاوەڕێی ئەوە بكەین ئەمریكا بە گەرمی پێشوازی لەو پرۆژەیە بكات.
سەڵاحەدین بەكمەز ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ساڵی (2015)، (10) ملیار دۆلار داهاتی گازی سروشتی دێتە سەر ئەو (16) ملیار دۆلارەی كە بڕیارە تا ئەوكاتە لە رێگای هەناردەكردنی نەوتەوە بەدەست بهێنرێت، بە هۆی هەناردەكردنی ئەو نەوت و گازەوە، توركیا دەبێتە خاوەن پێگەیەكی ستراتیژیی لە ناوچەكەدا، دوای خستنەكاری ئەو پرۆژەیە، بێگومان نرخی وزە بە رێژەیەكی بەرچاو لە جیهاند دابەزین بە خۆیەوە دەبینێت، كە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەندێك لایەن نییە.