توركیا: بەبێ رەزامەندی بەغدا نەوتی هەرێمی كوردستان هاوردەناكەین

وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند وڵاتەكەی گرەنتی داوەتە بەغدا، كە بە هیچ شێوەیەك رێگەنادات بە تێپەڕبوونی نەوتی هەرێمی كوردستان بەنێو خاكی وڵاتەكەیدا بەبێ رەزامەندی ئەوان. پەرلەمانتارێكی عێراقیش پێیوانییە ئەنقەرە بڕیاری لەوجۆرە بدات.
تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا، رایگەیاند “توركیا هەست بە مەترسییەكانی بەغدا دەكات دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راكێشانی هێڵی دووەمی گواستنەوەی نەوتی بەڕێی توركیا راگەیاند”.
یەڵدز ئاماژەی بەوەش دا، كە وڵاتەكەی دەیەوێ پەیوەندییەكانی لەبواری وزە لەگەڵ بەغدا تو‌وندوتۆڵ بكات.
قاسم مەشخەتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندوە “ئەو بۆرییە نەوتەی لە كوردستانەوە بەرەو توركیا راكێشراوە بۆخزمەتی گەلانی عێراق و كوردستانە، چونكە ئێمە پێویستیمان بەداهات هەیە، ئەو داهاتەش بۆ هەموو عێراقە”.
گوتیشی “پێموانییە توركیا بڕیاری راگرتنی هاوردەی نەوتی لەڕێی ئەو بۆرییەوە دابێت و چاوەڕوانی رەزامەندی بەغدا بكات، چونكە وەزیری دەرەوەی توركیا و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانەكانیاندا جەخت لە پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوانیان دەكەنەوە بەتایبەت لەبواری فرۆشتنی نەوت”. 
مەشخەتی ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەوەی دەیڵێت لە سەرچاوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەریگرتووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق راشیگەیاند “چەند لایەنێكی نێو حكومەتی عێراق هەوڵی زۆر دەدەن بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان”، بەڵام ناوی هیچ لایەنێكی نەبرد.