ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی و بازرگانیی هاوبەشی عێراق – بریتانیا دادەمەزرێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر رێككەوتنی دامەزراندنی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی و بازرگانی هاوبەش لەگەڵ بریتانیا نیشاندا .
  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە كە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێشنیاری وەزارەتی دەرەوە  بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی وەزاری هاوبەش لە نێوان عێراق و حكوومەتی بریتانیا و ئێرلەندای باكوور . 
 بەپێی بەیاننامەكە ئامانجی ئەو ئەنجوومەنە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانی ئابووریی و بازرگانی و وەبەرهێنانە لە نێوان هەر دوو ولاتدا و هاوكات بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانە لە نێوان دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت لە هەر دوو ولاتدا .
 بڕیاریشە لیژنەكە لەمساڵدا یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێ بدات .