گەمارۆكانی سەر ئێران، كەنداو دەبوژێنێتەوە

رۆژنامەیەكی كوەیتی ئاشكرایكردووە، وڵاتانی كەنداو توانیویانە سود لە سزاكانی سەر ئێران وەربگرن، بەتایبەت لەبواری نەوتدا.
رۆژنامەی (قەبەس)ی كوەیتی راپۆرتێكی فەرمانگەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكای بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكراوە، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە كەنداو، سود لە سزاكانی سەر ئێران بینیوە و بەو هۆیەوە ئاستی هەناردەی نەوتی خۆیانیان بەرزكردووەتەوە.
فەرمانگەی زانیارییەكانی وزە لە ئەمریكا ئاشكرایكردووە، لەدوای سزاكانی سەر ئێرانەوە كە بوو بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوت، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی كە ئەندامی رێكخراوی (ئۆپیك)ن، توانیویانە ساڵی رابردوو داهاتی هەناردەی نەوت بگەیەننە (982) ملیار دۆلار. 
ئەوەش لەكاتێكدا قاسم رۆستەمی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە، توانیویانە بەهاوكاریی پسپۆڕانی بواری نەوت، بەسەر سزاكاندا زاڵ بن و كێشەكان تێپەڕێنن.