“زۆربەی كێشەی هاووڵاتیان، لەگەڵ شارەوانییەكاندایە”

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەی سەردانی پارێزگای سلێمانی دەكەن كێشەیان لەگەڵ شارەوانییەكان هەیەو هۆكاری ئەمەش بۆ رێگری یاسا و رێنمایەكان دەگەڕێتەوە
لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرەشتی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی قائیمقامی سلێمانی و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بەرێوەبەری گشتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و شارەوانییەكان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی فەرمانگەكانی سلێمانی، كۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی كێشەی هاووڵاتیان لەگەڵ شارەوانی و شارەوانییەكان بەرێوەچوو.
پارێزگار لە كۆبوونەوەكەدا دەستخۆشی لە بەرێوەبەر و فەرمانبەرانی شارەوانی كرد لەبەرامبەر خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا و پێزانینی خۆی بۆ ماندووبوونیان دەربڕی.
هاوكات پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە نزیكەی80% ئەو هاووڵاتیانەی بۆ بەدواداچوونی كێشەكانیان سەردانی پارێزگا دەكەن كێشەو گرفتیان لەگەڵ شارەوانی هەیە.پارێزگار وتیشی: هۆكاری زۆربەی ئەو كێشانە بۆ خراپی و نەگونجاوی رێنمایی و یاساكان لەگەڵ ئەمرۆی كۆمەڵگەدا دەگەرێتەوە.
پارێزگار رایگەیاند دەبێت لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بدەین كەلە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لەبەر زۆری كێشەی شارەوانییەكان بریاریانداوە رۆژی سێ‌ شەمەمان كە هاووڵاتیان سەردانی پارێزگار دەكەن بەرێوەبەری شارەوانییەكانیش ئامادە بێت بۆ ئەوەی راستەخۆ كێشەكانی رووبەروو بكرێتەوە.
پارێزگار دووپاتی كردەوە دەبكرێت دەبێت ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان بكرێت و “وشەی ناكرێت” لە فەرهەنگی فەرمانگەكاندا كەمبكرێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك كێشەی هاووڵاتیان خرایە روو و میكانیزمی چارەسەركردنیان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.