یاسای پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان پەسند كرا، یەكێك لە گرنگترین یاساكانە بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمهێنەران و جووتیارانی كوردستان، بە جێبەجێكردنی هەرێمی كوردستان لە پرسی هەنگاونان بۆ دابینكردنی خۆبژێویی هەنگاوێكی تر بەرەوپێش دەچێت.
دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان یاساكە پەسند كرا، بەڵام لەبەر پشێوی نانەوەی هەندێك پەرلەمانتار، سەرنجی زۆربەی میدیاكان لەسەر گرنگیی ئەو یاسایە لابرا و زۆربەی میدیاكان رووماڵی ئاڵۆزییەكە و هەڵوێستە جیاوازەكانیان كرد.
یاسای پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە ژێر كاریگەریی ئەو پلان و بەرنامە ستراتیجییە لە پەرلەمان پەسند كرا، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا پێداگری لەسەر كردووە و پێی وایە، شانبەشانی پەرەپێدانی كەرتە جیاوازەكانی بەرهەمهێنان، ئەوا دۆخەكە ئەوە دەخوازێت بەرهەمەكەش پاریزگاری لێ بكرێت و لە دۆخێكدا كە دەروازەكان بە رووی كاڵای دەرەكیدا كراونەتەوە، پلانێک رەچاو بكرێ، بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی زیانمەند نەبن.
رێبوار عەبدولڕەحیم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، روونی كردەوە، پەسندكردنی یاساكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاڵپشتی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، مەبەستیش تەنیا جووتیاران نییە، بەڵكو لە رێی یاساكەوە پاڵپشتی لە بەرهەمی پیشەسازی، خۆراكی، كشتوكاڵی، سامانی ئاژەڵ بوارەكانی تر دەكرێت.
ئەو روونی كردەوە، ئامانجە سەرەكییەكانی یاساكە دوای گرنگیدان بە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی، بریتییە لە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكان و پاراستنی تەندروستی و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ، گرنگیدان بە پرسی كۆگاكردن و گواستنەوە و سەرجەم قۆناغەكانی بەرهەمهێنان و بەبازاڕكردن. بەرهەمهێنەران لەمەولا لە چوارچێوەی یاسادا مافەكانیان پارێزراو دەبێت.
پێویستە بوترێ لە چەند ساڵی رابردوودا دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، بەڕووی كاڵا و شتومەكی دەرەكی كراوە بوون و یەكێك لە گلەییەكانی جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ، ئەوە بووە لەبەر بە لێشاوهاتنی بەرهەمی دەرەكی، وەك پێویست ناتوانن پەرە بە بەرهەمهێنان بدەن و زۆرجار بە زیان بەرهەمەكانیان لە بازاڕ ساغ دەكەنەوە.
رێبوار عەبدولڕەحیم پێی وایە مەبەست لە دانانی ئەم یاسایە، ئەوە نییە سنوورەكان بەرووی هەر جۆرە بەرهەمێك دابخرێن كە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، بەڵكو ئەگەر ئەمە بكرێ ئیشێكی خراپە، بەڵام ناكرێ هەرێمی كوردستان تەنیا لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس بكرێت. گرنگ ئەوەیە رێكخستنێكی تۆكمە لە پرسی هاوردەدا هەبێت و ئەو كاڵایانەی هاوردە دەكرێن، دەبێ لە رێی سەپاندنی باج وایان لێ بكرێت نەبنە هۆی زیان گەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆ و لە بازاڕەكەدا بەرهەمی ناوخۆ بتوانێت گەشەی هەبێت.
جگەلەمە هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێناندا هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بتوانێ دروازەكان بە رووی بەرهەمی دەرەكی دابخات، بەڵكو دۆخەكە ئەوە دەخوازێت لەگەڵ رێدان بە بازرگانان بۆ هاوردەی شتومەك، پاڵپشتی لە بەرهەمەكانی ناوخۆ بكرێت و بەمەش بەرهەمی دەرەكی نەتوانێ زیان بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بگەیەنێت.
زۆرجار لە پەرلەمانی كوردستان یاسای باش دەرچوون، بەڵام وەك پێویست جێبەجێ نەكراون، بۆیە سەرەڕای هەبوونی ئەو یاسا باشانە، لەسەر كۆمەڵگە و كەرتە جیاوازەكان رەنگدانەوەی ئەرێنی نەبووە.
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ هەر لە ستراتیجی كابینەی نۆ سەرچاوە دەگرێت، بۆیە هەر یاسایەك كە لە پەرلەمان پەسند دەكرێت، ئەوا ئەركی جێبەجێكردنی دەكەوێتە سەر شانی حكوومەت و ئەوانیش وەك پەرلەمان چاودێری دۆخەكە دەكەن. ئەو پێی وایە گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ لە پلانە گرنگەكانی حكوومەتە، سوورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا بە خێرایی هەنگاوی پێویست بهاوێژێت، لە ماوەی رابردووشدا بەراستی هەست بەو گۆڕانكارییانە دەكرێت و جۆرێك بەرەوپێشچوون لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەدی دەكرێت.