پێدانی قەرزی بچوك بە گەنجانی هه‌رێم دەستپێدەكاتەوە

ئارام ئەنوەر بەرێوەبەری سندوقی پشتیوانی لەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد: لە ئایندەیەكی نزیكدا پێدانی قەرزی پڕۆژەی بچوك بەگەنجان لەهەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە.

ئارام ئەنوەر بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتوە: لەماوەیەكی نزیكدا دەست دەكەینەوە بە پێدانی قەرز بەگەنجان بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی بچوك لە هەرێمی كوردستان، ئەویش دوای گەڕانەوەی ئەو قەرزانەی پێشتر بە خاوەن پرۆژەكان دراوە، كە ماوەی مانگێكە دەست بە وەرگرتنەوەیان كراوە .

رونیشیكردوەتەوە: لەكاتی دەستپێكردنەوە ئەو قەرزە بە هەمان میكانیزمی جاران دەبێت و لە یەك ملیۆن دینار تا 15 ملیۆن دینار دەدرێت بەو كەسانەی  دەیانەوێـت پڕۆژەی بچوك دابمەزرێنن، لەماوەی رابردو 8 هەزارو 136 كەس لەقەرزی پرۆژەی بچوك لە سەرتاسەری هەرێم سودمەند بون و لەو ماوەیە 32 ملیار دیناریان پێدراوە.

بەڕێوەبەری سندوقەكە رونیشیكردوەتەوە: دەستپێكردنەوەی ئەو قەرزە  كاریگەری باشی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و رەخساندنی دەرفەتی كار، بەتایبەتی ئێستا دامەزراندن لە دامودەزگاكانی حكومەت نیە و خوێندكارێكی زۆر زانكۆیان تەواو كردوە .