رۆژی دووشەممەی داھاتوو یەکەم بڕی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاشکرای کرد کە رۆژی دووشەممەی داھاتوو یەکەم بڕی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیاندراوێکی بڵاویکردەوە؛ رۆژی دووشەممەی داھاتوو یەکەم بڕی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق ئەوەش لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکان کە ھەر لەسەرەتاوە پەیوەندی بە کۆمپانیا جیھانییەکانەوە کراوە کاتێک دەستیان کردووە بە تاقیکردنەوەی قەرەوێڵەیی لەسەر دەرمان و ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا، وەک کۆمپانیاکانی ئەمریکی، بەریتانی، چینی و رووسییەکان، ئەوەش بەھاوکاری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانە لە عێراق و پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکاندا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە دوای کەوتنەکاری ھاوپەیمانی کافی/کۆڤاکس لەژێر چەتری رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، وەزارەتەکە داوای لە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی کردووە رەزامەندی بدات لەسەر ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لەو ھاوپەیمانیەتییە کە ١٩٠ وڵات لەخۆدەگرێت، دوای ئەوەی عێراق بووە ئەندام لەو ھاوپەیمانیەتییە رێکەوتنێک لەگەڵیدا واژوو کرا بۆ ئەوەی ١٦ ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا دابین بکات و بۆ ئەمەش بڕی ١٦٩ ملیۆن و ٦٨٧ ھەزار و ٣٤٠ دۆلار دراوە بە ھاوپەیمانیەتییەکە کە نرخی ئەو ڤاکسینە بوو.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە تاکە ڤاکسین کە رێکخراوی تەندروستیی جیھانی رەزامەندی لەسەر داوە ڤاکسینی کۆمپانیای “ئەسترازینیکا – ئۆکسفۆرد”ە، و ئاماژە بەوەشدراوە کە ھاوپەیمانیەتییەکە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە دابەشکردنی ئەو ڤاکسینە بۆ سەرجەم وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیەتییەکە دەست پێدەکات و رێکخراوی یونسێف سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتی گواستنەوە و دابەشکردنی ڤاکسینەکە دەکات و لە چەند رۆژی داھاتووشدا دەگاتە عێراق ئەمەش دوای رەزامەندی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بە سەرپەرشتی ئەوان دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە کە پەیوەندی بە کۆمپانیای فایزەر – بایۆنتیکەوە کراوە لە بەریتانیا و لە رێککەوتی ٢٠٢٠/١٢/٢١ رێککەوتن کراوە بۆ دابینکردنی یەک ملیۆن و نیو ڤاکسین بە سێ بڕ، بەڵام نامەیەکی کۆمپانیاکە لە ٢٠٢١/٢/١٥ تووشی سەرسووڕمانی کردوون کە داوای دەرکردنی یاسای پاراستن لە بەرپرسیارییەتی و قەرەبووی کردووە وەک مەرجی دابینکردنی ڤاکسینەکە، ئەوەش بووەتە ھۆی دواکەوتنی گەیشتنی ئەو ڤاکسینە، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکە تەنھا بەڵێننامەیەکیان لەگەڵ عێڕاق واژوو کردووە کە لە لێپرسینەوە و قەرەبوو دەیانپارێزێت.

لەبارەی ڤاکسینەکانی دیکەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە رەزامەندی لەسەر ڤاکسینەکانی کۆمپانیاکانی فایزەر و ئەسترازینیکا و سینۆفارم داوە بۆ بەکارھێنانیان بۆ حاڵەتی لەناکاو.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، ھەوڵەکان بوونەتە ھۆی ئەوەی حکوومەتی چین بەشێک ڤاکسین بۆ عێراق دابین بکات و رۆژی دووشەممە بڕی یەکەمی دەگاتە وڵات، دوای واژووکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای سینۆفارم بەشەکانی دیکەش دەنێردرێن، ھەروەھا رێوشوێنەکانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ئارفارما کە یەکێک لەو کۆمپانیایانەی ڤاکسینی ئەسترازینیکا – ئۆکسفۆرد درووست دەکات تەواو کراوە بۆ دابینکردنی ڤاکسین بەشێوەیەکی بەپەلە، پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمپانیا و حکوومەتی وڵاتان بەردەوامە بۆ دابینکردنی ڤاکسین بۆ سەرجەم ھاووڵاتییان.

بەگوێرەی دوایین راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، گەیشتووەتە ٦٩٢ ھەزار و ٢٤١ کەس و لەو ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ٣٨٣ یان گیانیان لەدەستداوە و ٦٣٢ ھەزار و ٩٩٨ی دیکە دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.