خۆشەویستی شوانێکی گەرمیانی بۆ کەڵەکێوییەک

ئەحمەد عامر تەمەنی ١٥ ساڵە و لە حەوت ساڵییەوە لەگەڵ باوکیدا فێری شوانکاریی بووە، ئەو کە خاوەن ٢٠٠ سەر ئاژەڵە، مەڕ و بزن بەخێو دەکات، بەڵام ئەوەی ئەم شوانکارە جیا دەکاتەوە لە شوانەکانی تر، بەخێوکردن و تێکەڵکردنی کەڵەکێویە لەگەڵ مەڕ و بزنە ئاساییەکانی تردا.

ئەو کەڵەکێویەکی هەیە و پێچەوانەی هەموو کەسێک حەز دەکات بە زیندوویی یاریی لەگەڵ کەڵەکێویەکەی بکات نەوەک گۆشتەکەی بخوات، هەر ئەمە وای کردووە کە خۆشەویستییەکی زۆری هەبێت بۆ گیانداران بەتایبەتی کەڵەکێوی کە بوونەتە نێچیرێکی گرانبەهای راوچییەکان.

“کەڵی” ناوی ئەو کەڵەکێویەیە کە ئەحمەد عامر بەخێوی دەکات، تەمەنی سێ ساڵە و لەبری ئەوەی لە کێوە سەختەکاندا بژیت وەک کەڵەکێوییەکانی تر، ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک بزن و مەڕدا ماڵی بووەو چەند بەچکەیەکی خستۆتەوە.

لە دەشتەکانی نزیک شارۆچکەی کەلار و خانەقین و لە نزیک سنووری ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە شاخی سەختی لێ نییە، بەڵام بۆتە لانەی چەندین کەڵەکێوی و وەک دانیشتوانی ناوچەکە باسی لێوە دەکەن، بەداخەوە راوچییەکان بە تاپڕەکانیانەوە کەوتوونەتە وێزەیان و ئەگەر هەڵوێستەیەک نەکرێت ئەوا ژمارەی کەڵەکێوییەکانی دەشتی کەلار و خانەقین بەتەواوی روو لەکەم بوونەوە دەکەن.

– “کەڵی تەمەنی دوو مانگە بووە کە هێنامان لەوکاتەوە وەک ئەندامێکی خێزانەکەمانە حەزدەکەم یاری لەگەڵ کەڵی بکەم، نەوەک گۆشتەکەی بخۆم”.

وەک ئەحمەد عامر باسی دەکات کەڵی تەمەنی دوو مانگە بووە کە باوکی لە کەسێکی کڕیووەتەوە بە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار، لەوکاتەوە وەک ئەندامێکی خێزانەکەیان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و خۆشەویستییەکی زۆری پێ دەدەن.

کەڵی ئێستا خاوەن سێ نەوەیە، ئەو بەرەنگاریی هەموو ئەوانە دەبێتەوە کە لێی نزیک دەبنەوە کە ئەمە سروشتی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی ناسروشتییە ئەوەیە کە ئەم کەڵەکێوییە ماڵی بووە، ئێستا لە دەشتەکان لەبری کێوەکان، لەگەڵ مەڕ و بزندا لەبری ئاسک و بەراز ژیان دەکات.

ئەو شوانکارە بە گشتی باسی ئاژەڵداری دەکات لەمساڵدا و ئاماژە بەوە دەکات کە مەڕ بەهۆی ئەوەی کە باران کەم باریوە، کا و جۆ دەخۆن.

ئەحمەد عامر لەبارەی کەڵەکێوییەکانی دەشتی کەلار و خانەقین-ەوە دەڵێت، ”راوچیی زۆرە ئەیان کوژن بە تانجی دێنە ناوچەکە و تفەنگەکان دەشارنەوە لە ترسی پۆلیسی دارستان. لە دەشتەکان تەقەیان لێ دەکەن. کەڵەکێوی ناوچەکە زۆر بەهێز نین لە دەشتودەری نزیک کەلاردا دەلەوەڕن”.

ئەو شوانکارەی گوندی قۆرەتوو لە حەوت ساڵییەوە سەرقاڵی کاری شوانییە و هەر لە کۆنەوە باپیرانی سەرقاڵی شوانکاریی بوون.

– سێ ساڵ لەمەوبەر بەچکەیەکیان بە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کڕیووەتەوە و بە جۆ و گەنم بەخێویان کردووە”.

ئەحمەد عامر دەڵێت ”لە دەشتەکانی قۆرەتوو زیاتر دەغڵودان خۆراکی سەرەکی ئاژەڵەکانە”.

ئەحمەد عامر کە خاوەن ٢٠٠ سەر ئاژەڵی بچووکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەیانیان لە کاتژمێر پێنجەوە بەرێ دەکەون و کاتژمێر شەشی ئێوارە وردە وردە دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

ئەو باس لەوە دەکات کە ئەو بزنە کێوییەیان سێ ساڵ لەمەوبەر بەبەچکەیی لە کەسێک کڕیووەتەوە کە لە شاخ گرتبووی و لەبەرامبەردا، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان داوە و لە بەچکەییەوە بە جۆ و گەنم بەخێویان کردووە.

ئەوان هیچ ناوێکیان لەو بزنە کێوییە نەهێناوە و ئەحمەد عامر دەڵێت ”هەر بەناوی خۆیەوە بانگی دەکەین دەڵێین “کەڵی”، مێیەیەکمان بۆ پەیدا کرد و بەچکەکانیمان دەگرتەوە و تا ئێستا چەند بەچکەیەکمان لێ فرۆشتووە جووتی بە ٢٠٠ هەزار کە خەڵک هەن بۆ خۆشی وەک ئێمە رایان دەگرن”.

ئەحمەد عامر سەبارەت بە راهاتنی ئەو کەڵەکێوییە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جۆرە زیاتر لە شاخ و سروشتدا دەژی، بۆیە رانەهاتووە بە خەڵک، بۆیە کە مرۆڤ دەبینێت پەلامار دەدات بە قۆچەکانی و هەوڵی دوورخستنەوەی مەترسی دەدات لە خۆی.

-”بەداخەوە راوچییەکان مڕیان لەگیاندارە کێوییەکان خۆشکردووە و بەردەوام لە کەمبوونەوەدان”

ئەحمەد عامر ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی کامێرای چاودێری بۆ رێگریکردن لە راوکردن جێگیرکراون، بەڵام راوچییەکان لە پشتی کامێراکانەوە دەچنە ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر لەم کەڵەکێوییانە راو دەکەن هەر بۆ ئەوەشە ئێستا ژمارەیان لە سروشتی ناوچەکەدا کەمیکردووە.

سەبارەت بە شێوازی راوکردن ئەو شوانە ئاماژە بەوە دەکات کە راوچییەکان بە ماتۆڕێک دێن و رۆژی وا هەیە دوو تا سێ دانە راودەکەن و دەڕۆنەوە و دەڵێت ”دوو کەس بە ماتۆڕ دێن، یەکێکیان لەلاوە بۆی دادەنیشێت، ئەوەی تر بە ماتۆڕ نزیکی کەڵەکوێیەکە دەبێتەوە و ئەوەی تر لە دووری ٢٠ مەترەوە لە کەڵەکوێیەکە دەدات و دەیخات. هەشە لەکاتی زایینا دێنە ناوچەکە و بەچکەکان کۆدەکەنەوە و دەڕۆن، دواتر لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشنەوە”.

ئەحمەد عامر هەروەها باس لەوە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە زۆر نیگەرانن لە راوکردنی ئەم ئاژەڵانە و هەندێکجاریش هەواڵگری دەدەن بە هێزەکانی پۆلیسی دارستان، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست راوکردنیان بنبڕ بکرێت.

-”زیاتر لە ١٠ هەوڵی کوشتن و راوکردنی ئەم کەڵەکێوییە ماڵییەم دراوە، بەڵام نەماهێشتووە و گەیشتووینەتە سەریان”

شوانکار، ئەحمە عامر باس لەوە دەکات کە ئەو حەزدەکات زیاتر بە زیندوویی بیبینێت وەک لەوەی گۆشتەکەی بخوات و دەڵێت ”جاران خەڵک زۆر دەهاتن وێنەیان لەگەڵ ئەم کەڵەکێوییە دەچرکاند، بەڵام ئێستا نیشانی کەسی نادەین، چونکە پێمان وایە بەچاوەوە دەچێت، من خۆم نێرەم هەبووە دایک و باوکەکەی کێویی بوون، بۆتە چاوە و مندار بۆتەوە، بەڵام دڵم نەهاتووە سەریببڕم”.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ جارە هەوڵی کوشتنی ئەو کەڵەکێوییەیان داوە، بەڵام بە ئاستەم رزگاری بووە و خەڵکی تر گەیشتوونەتە سەر راوچییەکان و هەڵاتوون.