دانوستانەکانی بەغدا و ھەولێر سەبارەت بە بوودجە بەردەوامە


ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان میرزا رایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١دا، بەردەوامە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە شێروان میرزا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا باسی لە دوایین پێشھاتەکانی سەبارەت بە دانوستانەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە و گوتوویەتی:

“دوایین سەردانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەرێنیی بووە، بەو پێیەی نزیکبوونەوەیەکی زۆر باش بۆ یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، ھاتووەتە ئاوارەوە”.

شێروان میرزا گوتیشی: “ئاڵوگۆڕی پێشنیازەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوامە و چاوەڕوان دەکەین هەردوولا بگەن بە رێککەوتنێکی ھاوبەش سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١دا”.

راشیگەیاندووە کە لەوباوەڕدان لە رۆژانی داھاتوودا، پشکی ھەرێمی لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، یەکلایی بکرێتەوە.