بەهای بیتکۆین ئاستی 40 هەزار دۆلار دەشكێنێت

دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین لە شکاندنی ریکۆردی نوێ بەردەوامە، بۆ یەکەمجاره‌ ئاستی (41) هەزار دۆلاری شکاند و لە ماوه‌ی (5) رۆژدا، ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە (10) هەزار دۆلار بەرزبووەوەتەوە.

بەهای دراوی بیتکۆین، بە رێژەی زیاتر لە (12%) بۆ سەرووی (41) هەزار و (632) دۆلار بەرزبووەوە، بەوەش قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان ئاستی ترلیۆنێك دۆلاری شکاند.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە ساڵی رابردوو (5) هێندە بەرزبووەتەوە.

بیتکۆین، دوو لەسەر سێی ئەو بازاڕە و لە دوای ئەویش دراوی “ئیسەر” (13%)ی قەبارەی بازاڕی دراوەکانی پێکهێناوە.

شارەزایەکی بۆرسە پێی وایە، دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەڵکشان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ سەرکەوتنی بایدن، پێشبینی دەکرێت لە (100) رۆژی یەکەمی وەرگرتنی جڵەوی دەسەڵاتدا، هاوکارییەکی زۆری دارایی بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتەکانی کۆرۆنا پێشکەش بکات.