وەزارەتی دارایی موچە و خانەنشینی زیاتر لە 10 هەزار کەس ڕادەگرێت

وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 4ی کانونی دووەم بە بڕیارێک موچەی زیاتر لە 10 هەزار موچەخۆری ڕاگرت کە بە شێوەی نایاسایی موچەیان وەردەگرت.

لە بڕیارێکدا کە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانی لەسەرە هاتووە، ” پاڵپشت بە یاسای چاكسازی ژمارە (2) ساڵی (2020) و پەیرەوی جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی لە موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بڕیاردرا بە ڕاگرتنی موچە و خانەنشینی (10609) دە هەزار و شەش سەد و نۆ موچە خۆر”.

لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە،” ئەو کەسانە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان تۆماركراوە ژمارەیان (21588) بیست و یەك هەزار و پێنج سەد و هەشتا و هەشت دۆسیەیە بە نایاسایی موچە وەردەگرن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر موچە خۆرێك لەم بڕیارە زەرەرمەندبێت دەتوانی لە ماوەیەكی دیاری كراودا لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدار یان فەرمانگەكەی تانە لە بڕیارەكە بدات.