وەزارەتی بازرگانی: لە 2020دا قەبارەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەمە 3ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2020دا قەبارەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیار دۆلار کەمی کردووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا فەتحی محەمەد ، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان وتی، “ساڵی 2020 بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق بە گشتیی دروستکرد، بەڵام چاوەڕێدەکرێت دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا باشتر ببێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە قەبارەی بازرگانی لە ساڵی 2019دا 28 ملیار دۆلار بووە بەڵام لە ساڵی 2020دا کەمبووەتەوە بۆ 26 ملیار دۆلار واتە کەمبوونەوەی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو ساڵەدا دوو ملیار دۆلار بووە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وتیشی، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە داواکاری و خواست لەسەر هەندێک کاڵا کەمبووەتەوە بۆیە لە ساڵی رابردوودا بازرگانی لە هەندێک جۆری کاڵادا کەمبووەتەوە و لە هەندێک لایەنی دیکەوە زیاتر بووە بۆ نمونە لە مادە خۆراکییەکان و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی زیاتر بووە.

بەپێی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی زۆرترین قەبارەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020دا لەگەڵ وڵاتی تورکیا بووە، دواتر وڵاتی ئێران، وڵاتانی کەنداو، چین و وڵاتانی ئەوروپا بووە، جگە لەوەی کە ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە دێن و لە وڵاتی تورکیاوە دەهێنرێنە ناوەوە هەروەها ئەوانەی لە چینەوە دێن لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان.