بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە نەوت لەمساڵدا 20%ی نرخەکەی لەدەستدا

بازاڕی نەوتی خاو لە جیهاندا بەشێک لە نرخەکەی لە ساڵی 2020دا لەدەستدا بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێکارە توندەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، ئەمەش بەشێکی گەورەی لە ئابوریی جیهان توشی ئیفلیجی کرد، بەڵام نرخەکەی بە شێوەیەکی خێرا و بەهێز دەستیکرد بە بوژانەوە دوای ئەوەی وڵاتان ڕێکارەکانیان کەمکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە کۆتا ڕۆژی ساڵی 2020ە کە مامەڵەی نەوتی تێدا دەکرێت، نەوتی خاوی برێنت 25 سەنت و بەڕێژەی %0.5 نرخەکەی دابەزی و بە 51.38 دۆلار لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نەوتی خاوی تەکساس 11 سەنت و بەڕیژەی %0.2 نرخەکەی دابەزی و بە 48.29 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ستیفن ئینیس، شارەزای گەورەی بازاڕی جیهانی لە Axi دەڵێت، “ئەمە جۆرێکە لە هێوربوونەوەی کۆتایی ساڵ، بەڵام دانەزینی نرخی دۆلار هاوکاری پارێزگاری لە نرخی نەوت دەکات”.

نەوتی خاوی برێنت و تەکساس توشی شکستی گەورە بوون نرخەکەیان بۆ کەمترین ئاست دابەزی لە مانگی چواری ئەمساڵدا، بەجۆرێک یەکەمجارە نرخی نەوتی خاوی تەکساس بۆ ئەو ئاستە دابەزێت بەجۆرێک وەبەرهێنە گەورەکانی جیهانی توشی شۆک کرد.

لەکاتێکدا نرخی نەوتی خاوی تەکساس بۆ کەمتر لە سفر دابەزی و برێنتیش گەیشتە خوار 10 دۆلار، ئەمەش بێهیوایی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروستکرد بەهۆی توندکردنی ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە جیهان و بەرزبوونەوەی نەوتی هەڵگیراو لە بازاڕەکاندا بەجۆرێک هیچ شوێنێک نەما بۆ هەڵگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە جیهاندا.

دۆلار کۆتایی بە ساڵی 2020 دەهێنێت بە بەردەوامیدان لە دابەزینی نرخەکەی، وەبەرهێنەرەکانی جیهان هیوادارن بە بوژانەوەی ئابوریی جیهان بە وەستانی ئەو مەترسییە گەورەی لەسەر کشانەوەی نرخی دۆلار هەیە.

دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شانشینی یەکگرتوو، دووبارە گەڕانەوەی ڕێکارەکان لەسەر جوڵە و هاتوچۆ، کاریگەری لەسەر ئاستی خواست لەسەر نەوت و دابەزینی نرخەکەی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە ئەو زنجیرە نوێیەی کۆرۆنایان تێدا دەرکەوت.

کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا سێ سەکۆی نەوت و گازی سروشتی زیادکرد و ئەمەش زیاترە لە ژمارەی ئەو سەکۆیانەی لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2017دا زیاترکراون.

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیش لە ڕێکخراوی (ئۆپیک) بەسەرۆکایەتیی سعودیە، و وڵاتانی هاوپەیمانی بەسەرۆکایەتیی ڕوسیا کە بە ئۆپیک+ ناسراون، لە پلانیاندایە لە چواری کانونی دووەمدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت جارێکی دیکە بەرزبکەنەوە بەبڕی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.