جوتیارانی ماوەت گلەیی لە بەبازارکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان دەکەن

قەزای ماوەت لە رووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری شارباژێری سەختەوە بەدووری ٥٥ کم لە باکووری رۆژھەلاتی شاری سلێمانی-یەوە، ھاوکات درێژ دەبێتەوە تا سەر سنووری ئێران و ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران.

ماوەت دەکەوێتە نێوان قەزای شارباژێر، قەزای دووکان و قەزای پشدەر لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی سەردەشت و بانه لە ئێران و لەڕووی ئیدارییەوە قەزایەکی نوێیە کە ٦٩ گوند و ناوچە لەخۆ دەگرێت.

کشتوکاڵ، ئاودێری، ئاژەڵداری، هەنگەوانی و باخداری خەسڵەتی کاری هەرەوەزی گوندەکانی سەر بە ماوەت-ن، بەڵام ئێستا بەهۆی ساغنەکردنەوەی بەرهەمەکان و فەرامۆشکردنیان لەلایەن حکوومەتەوە، تا دێت کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەم قەزایە پاش دەکەوێت.

بەرپرسانی ئیداری و کشتوکاڵی قەزای ماوەت گلەیی ئەوە دەکەن کە تا ئێستا ئاوڕ لە جووتیارانی ناوچەکە نەدراوەتەوە کە هۆکارێکی گرنگی دابینکردنی هەنگوین و بەروبوومی میوەی سلێمانی و چواردەورن.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ماوەت، ئەنوەر محەمەد وتی: ”ئەوەی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان، باخی بەراو و باخی دێم زیاتر هەیە. لە دێمەکاندا رەزی ترێ، چوالە، ترش و هەرمێ لە بەراوەکانیشدا هەنار، هەرمێ، قۆغ و قەیسی و هەنجیر برەویان پێ دەدرێت. جگە لەمانە ئاژەڵداریش دەکرێت، هەنگیش یەکێکە لەو کارانەی خەڵکی ناوچەکە زۆر حەزی پێدەکەن، جگە لەوەی سوودی ماددی لێ دەکەن، وەک خولیایەک کاری لەسەردەکەن. لە ماوەتدا ١٧٦ هەنگەوان هەن کە بازاڕ هەنگوین بەرهەم دەهێنن”.

ئەنوەر محەمەد سەبارەت بە گەورەترین کێشەی سەرەکی جووتیاران ئاماژە بەوە دەکات کە بەبازاڕنەکردنی بەرهەمی جووتیاران کێشەی گەورەی هەموومانە و دەڵێت ”کێشەی جووتیاران لە ناوچەکەدا لەئێستادا، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە حکوومەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات، تاوەکو بتوانرێت بەرهەمەکانیان زیاد بکەن، خاڵی دووەمیش بریتییە لە نەبوونی بەبازاڕکردنێک بۆ بەرهەمی جووتیاران. واتە هۆکاری دواکەوتنی کشتوکاڵ نەبوونی بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان. بۆ نموونە ئەگەر بازاڕێک هەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، جووتیاران زیاتر برەو بە بەرهەمەکانیان دەدەن. ئێمە لە نەودەکانەوە (سەدەی رابردوو) داوای دروستکردنی کارگەیەکی لە قووتونانی ترێ دەکەین لە ماوەت، بەڵام تا ئێستا کەس نەهاتووە بەدەم ئەم داواکاریەوە، نە کەرتی گشتی نە کەرتی تایبەت. لە کاتێکدا ئێمە گرەنتیمان داونەتێ بەرهەمەکانیان بۆ دابین دەکەین”.

پێشتر تووتن یەکێک بوو لەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی کە بەرهەم دەهێنرا لە سنووری قەزای ماوەت، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی تووتن پارە ناکات، خەڵک دەستبەرداری بەرهەمهێنانی تووتن بووە و خۆی داوەتە باخداری. ئەمانە گوتەی یەکێک بوون لە باخەوانەکانی ناوچەکە.

لەبارەی پێشنیازی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، ئەنوەر محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی کوردستان لە دەرەوەی وڵات هاندانێکی زۆرە بۆ کشتوکاڵ.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ماوەت، ئەنوەر محەمەد سەبارەت بە چاندنی گەنم لە ناوچەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە پێش هاتنی وەرزی چاندنی گەنم لە ناوچەکەدا، دەرمان و کەلوپەلی پێویست دابەش دەکرا بەسەر جووتیاراندا، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ جۆرە دەرمانێک نەهاتۆتە سنووری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ماوەت تاوەکو دابەشی بکەن.

عەلی حاجی شەریف ئاماژەی بەوە دەدا کە بەرهەمی گۆیژ لە ناوچە سەختەکاندا زۆرە و بەتامترن و دەڵێت ”دوو جۆر گۆیژ هەن، هەیانە لەنێو باخدا گەورە دەبێت، تاوەکو ئاوی بدەین باشتر تەڕو پاراودەبێت، بەڵام ئەوەی لە کەژ و کێو خۆرسکانە گەورە دەبێت بەهۆی فێنکیەوە هیچ پێویستی بە ئاودان ناکات و تامەکەی خۆشترە”.

عەلی حاجی شەریف کە بەردەوام لە چاوەڕوانی کڕیار و گەشتیارەکانی سەر شەقامەکەدابوو، هەرچەندە ناوچەیەکی دوورە دەستە باسی لەوە دەکرد کە بەرهەمەکانیان بە پارەی خۆیان دەنێرنە شار و کیلۆی بە ٧٥٠ دینار ساغی دەکەنەوە کە پارەی کرێکەیان بە ئەستەم بۆ دەستەبەر دەکات.

ئەو بەدەم رنینەوەی گۆیژەکەدا گلەی نەبوونی بازاڕی دەکرد بۆ بەرهەمەکان، بەڵام هەرچۆنێک بێت شووکرانەی لەسەر دەکرد کە لە پاڵەوە دەتوانێت کارێک بکات.