نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای چەمچەماڵ کرایەوە


بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، چەتۆ ساڵح و پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر ‌و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی ناوچەکە، نووسینگەی پاسپۆرت لە قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی کرایەوە و یەکەم پاسپۆرتیش لە سنوورەکە بەنەوەی شەھیدێک درا.

لە دوای کردنەوەی نووسینگەکە، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا وتی: “قەزای چەمچەماڵ یەکێکە لە قەزا گرنگەکانی کوردستان کە نزیکەی سی ھەزار کەس لەو قەزایە دەژین. لەھەموویشی گرنگتر زیاتر لە حەوت ھەزار و ٥٠٠ خانەوادەی شەھید لەو قەزایەدان ‌و زۆربەی دانیشتوانی چەمچەماڵیش کەسێکیان لەدەستداوە. دڵخۆشم یەکەم پاسپۆرتی چەمچەماڵ کە ئەمڕۆ چاپکرا، بۆ نەوەی شەھیدێکە کە باوکی تاقانەی ئەنفالە، خۆیشم یەکێکم لەوانەی باوک ‌و برا و کەسوکارم لە پرۆسەی بەدناوی جینۆساید لەدەستداوە”.

دوای رێوڕەسمەکە، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی شاری سلێمان-یان کرد.

رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا لەبارەی رێککەوتنی شنگالەوە رایگەیاند کە رێککەوتنەکە بەرەو جێبەجێکردن ھەنگاو دەنێت، حکوومەتی عێراق لە رۆژانی داھاتوودا، دەست بە جێبەجێکردنی دەکات و ئێستاش ھەندێک ھەنگاوی کردەیی ھاویشتووە.

وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەنجامەکانی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندیدا، رایگەیاند رێککەوتنەکە بەرەو جێبەجێکردن ھەنگاو دەنێت، حکوومەتی ناوەندیی لە رۆژانی داھاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی دەکات و ئێستاش ھەندێک ھەنگاوی کردەیی ھاویشتووە.

رێبەر ئەحمەد ھیوای خواست کە تەواوی بڕگە و ماددەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و رایگەیاند ”ھیوادارین ماددەکانی ناو رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ شنگال، ئەو ھێزانەی نایاسایین و خەڵکی شنگال نین لە ناوچەکە دووربخرێنەوە و ئاوارەکانیش بەتایبەت خوشکان و برایانی ئێزدی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.