پارێزگاری سلێمانی بۆ خۆپارێزی لەكۆرۆنا پەیامێكی بڵاوكردەوە

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی داوای خۆپارێزی زیاتر لەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات پابەندی رێنماییەكان بن ئەویش بەبەستنی ماسك. 

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، ڕۆژانە و شەوانە، بەبەردەوامیی هەمووان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێكی ڕاستەقینەدا وەستاون، هەمووان شایەتی مەرگی دەیان و سەدان ئازیزانن، ماڵ و كۆڵان و كوچەو گەڕەك و شەقام و شارو وڵات و گەردون ڕەنگی مەرگیان گرتووە.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە “كۆرۆنا ڕێگای ژیان و هەناسەو خوێنی لە ملیۆنان كەس گرتووە، تا ئەمڕۆ جگە لە خواپاراستن تاكە چارەسەر خۆپارێزییە، بەستنی ماسكێك لە شوێنە داخراوەكان و پاراستنی دوریی نێوانمان لە شوێنە كراوەكاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەرو خۆشەویستانمان، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی تر چڕیی و زۆریی توشبوان و لێشاوی شاڵاوی پەتاكە ناچارمان نەكەن دەست بە كۆرەنتینەو قەدەغەی تەواوی هاتوچۆو داخستنی هەموو شوێنەكان بكەینەوە”.

ئەمشەویش فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند”له سبەینێ هەینیەوە، سزای‌ ئەو شۆفێرانە دەدرێت كە سەرنشینیان لەگەڵدایە و دەمامكیان نەبەستووە”.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی، بەڕێوەبەری هاتوچۆ راشیگەیاندوە، پرۆسەكە لە رێگەی ئامێری (پی‌ دی‌ ئای‌)ەوە جێبەجێ دەكرێت و بڕی سزاكەش 50 هەزار دینار دەبێت.

بەپێی دوا بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر شۆفێر سەرنشینی لەگەڵدا نەبێت و دەمامكی نەبەستبێت، ئەوا سزانادرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە بە بڕی 50 هەزار دینار سزادەدرێت.