ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی فەرەنسا دەكرێت

وەزیری كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ھەوڵدان ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی فەرەنسا بكەن و كارگەیەكی شەربەت لە ھەڵەبجە دروست بكەن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەمیانی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵی ھەنار لە ھەڵەبجە رایگەیاند: “بە ھەماھەنگی لەگەڵ كونسوڵخانەی فەرەنسا لە ھەرێمی كوردستان، لە ھەوڵداین توێژینەوەی زانستی لەسەر بەرھەمی ھەناری ھەڵەبجە بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا دەست بكەین بە دامەزراندنی كارگەی شەربەت”.

وتیشی: “گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كردووە بەرھەمی ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی فەرەنسا بكەین، لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەنگاوەكانمان بە كردەیی دەست پێدەكات”.

وەزیری كشتوكاڵ راشیگەیاند: “لە چەند رۆژی داھاتوودا بەردی بناغەی سێ كارگەی دانەوێڵە لە ھەرێمی كوردستان دادەنرێ، دەبێتە ھۆكار بۆ كڕینەوەی گەنمی جوتیاران، كە بە بەرھەمێكی سەرەكی ھەژمار دەكرێت”.