ریزبەندی باشترین پاسپۆرتەکانی ساڵی 2020ـی جیهان بڵاوکرایەوە



بەگوێرەی دواین ریزبەندی بۆ پاسپۆرتەکانی وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2020، پاسپۆرتی نیوزلەندا باشترین پاسپۆرتی جیهانە و عێراق ئەفغانستانیش لەدواین پلەکانی ریزبەندییەکەدا ناویان هاتوە.

ماڵپەڕی (گڵۆباڵ پاسپۆرت رانک پاوەر) بڵاویکردەوە، بۆ ساڵی 2020 پاسپۆرتی نیوزلەندا لە پلەی یەکەم دێت و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەتوانن سەردانی 129 دەوڵەتی دیکەی جیهان بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزەی گەشتکردن هەبێت.

ئەوەش هاتوە، وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشور، ئەڵمانیا، نەمسا، لۆکسمبۆرگ و ئێرلەندا لەپلەی دوەمی باشترین پاسپۆرتەکانی جیهانن و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بۆ سەردانیکردنی 128 وڵات پێویستیان بە ڤیزا نیە.

لەبارەی پاسپۆرتی عێراقیش لەریزبەندییەکەدا ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردوە، وڵاتانی سوریا، عێراق و ئەفغانستان لەکۆتایی ریزبەندییەکەدان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بۆ گەشتکردن بۆ 167 دەوڵەتی جیهان پێویستە پێشوەخت داوای ڤیزا بکەن.