ھەرێمی کوردستان.. ٧٩٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٩٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٣٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٥١ ھەزار و ٧٨٠ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە ھەزار و ٨٧٧ کەس.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ٤٤٣ پشکنین لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ٧٩٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:

پارێزگای ھەولێر، ٢٩٧ تووشبوو و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.

پارێزگای سلێمانی، ١١١ تووشبوو و ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

ئیدارەی گەرمیان، ٢٨ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.

پارێزگای دھۆک، ٣٣٠ تووشبوو، حەفت حاڵەتی گیانلەدەستدان.

پارێزگای ھەڵەبجە، ٢٧ تووشبوو.

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٦٨ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٤٩٧ ھەزار و ٤٩٨ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٥١ ھەزار و ٧٨٠ تووشبوو کە ١٩ ھەزار و ١١٠ لە ھەولێر، ١٦ ھەزار و ٨٤٢ لە سلێمانی، ١٤ ھەزار ٤٠ لە دھۆک و ھەزار و ٨٧٨ لە ھەڵەبجە بووە، هەروەها ھەزار و ٨٧٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٥٨٧ لە ھەولێر، ٩٥٣ لە سلێمانی، ٢٩٥ لە دھۆک و لە ٤٢ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.