300 تۆن پارچەی مریشك و 500 تۆن گۆشتی سوور بۆ ئەم مانگە هاوردەی سلێمانی دەكرێت


بەهۆی زیادبوونی بەروبومی ناوخۆیی لە پەلەوەر و ئاژەڵ، ڕێژەی هاوردەكرنیان كەم دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەك شەممە 2020.10.4 لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵ و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبووەوە و پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچوونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێن.

ڕزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ بۆ پشتگیری جوتیاران و پڕۆژە كشتوكاڵییەكان، بەرووبومە پەلەوەرییەكان تا ئاستێكی باش بەرهەمی ناوخۆ پڕدەكاتەوە.

وتیشی”لە ڕێژەی بەروبومە هاوردەكراوەكان ڕەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا كراوە، لیژنەكە بۆ مانگی (10)ی ئەمساڵ بڕیاری دا 300 تۆن پارچەی مریشك و 500 تۆن گۆشتی سوور، هەروەها سەبارەت بەماسی و ئاژەڵی زیندوو لەمانگی ڕابردوودا ڕەسیدی سێ‌ مانگ دیاریكراوە.