هەناردەی شەش مانگی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان گەیشتە یەك ملیار دۆلار

هەناردەی شەش مانگی رابردووی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیەنرا. بە قەبارەی یەك ملیار دۆلار لەو پارێزگایەوە شتومەك هەناردەی وڵاتان كراوە.

تەوحید ئازەربەد سەرپەرشتی گومرگەكانی پارێزگای ورمێ باسی لەوە كردووە، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی بۆ هەناردەی كاڵا و شتومەك بەهۆی كۆرۆنا لە ئارادا بووە، ئەمساڵ بە بەهای 998 ملیۆن دۆلار هەناردەیان هەبووە. هەر لەو ماوەیەدا 571 هەزار و 817 تۆن شتومەك هەناردە كراوە.

لەو شەش مانگەدا هەناردەی پارێزگاكە لە رووی بەهاوە 18% و لە رووی كێشیشەوە 11% كەمی كردووە، هەر لەو ماوەیەدا 151 هەزار تۆن شتومەك بە بەهای 264 ملیۆن دۆلار هاوردەی پارێزگاكە كراوە كە لەرووی بەهاوە 36% و لەرووی كێشەوە 47% دابەزیوە.

شووتی، سێو، پێداویستییە پلاستیكییەكان لە گرنگترین ئەو بەرهەمانە بوون كە لەو شەش مانگەدا لە پارێزگاكەوە هەناردەی وڵاتان كراون.

پارێزگاكە خاوەنی نۆ گومرگ و شەش بازاڕچە و پێنج دەروازەی بازرگانییە.

بەگوێرەی ئیرنا، لە سنوورەكانی پارێزگاكە رۆژانە 852 بارهەڵگر پەڕیونەتەوە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 96% دابەزیوە. پارێزگاكە خاوەنی نۆ گومرگ و شەش بازاڕچە و پێنج دەروازەی بازرگانییە.

پێویستە بوترێ دوو لەو دەروازانە لەگەڵ هەرێمی كوردستانن كە بریتین لە مەرزی كێلێ لە سەردەشت و مەرزی حاجی ئۆمەران كە لەدوای دەروازەی بازرگان كە پارێزگاكە بە باكوری كوردستان گرێ دەدات، بە گرنگترین دەروازەی نێودەوڵەتیی هەژمار دەكرێت.