پێشانگای کتێب لەشاری سلێمانی دەکرێتەوە

دووهەمین پێشانگای کتێب لەشاری سلێمانی دەکرێتەوە و ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی جێبەجێ دەکرێت.

بەچاودێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، کۆمپانیای ئەتلەس ئەسیل دووهەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب، بەدروشمی (کتێب هاوڕێی بەردەوامە) دەکرێتەوە.

یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاودێری بازرگانی و هاتوچۆی سلێمانی و نشینگەی سلێمانی و تەندروستی و ئاسایشی سلێمانی و بەرگری شارستانی و چالاکیە مەدەنیەکان و پۆلیسی فریاکەوتن باس لە کردنەوەی دووهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب کرا.

جێگری سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: هەمومان بە بەرپرسیارێتیەوە لەهەوڵی کردنەوەی دوهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبین تابتوانین لەشاری ڕۆشنبیریدا کتێب ئاشنا بکەینەوە بەتەواوی خوێنەران، کە تازەترین بەرهەمەکانی کتێب و نوسەرانی ناوخۆی و جیهانی لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا لەڕوی تەندروستیەوە تەواوی ئەو ڕێنماییانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داوای دەکات لەناو پێشانگاکەدا جێ بەجێدەکرێت تا هاوڵاتیان سەلامەتبن و پارێزراوبن لە هەمو جۆرە بەرکەوتن و توشبون بە کۆرۆنا.

پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب لە ١١/١٨ بۆ ١١/٢٧ دەکرێتەوە لەناو بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە.

لەکۆبونەوەکەدا  نوێنەری فەرمانگە حکومیەکان ڕای خۆیان و سەرنجیان  لەبارەی بەڕێوەچونی دووهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب خستەڕوو.

 دووهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب ڕوبەری ١٠ هەزار مەرتر چوار گۆشەی بۆ دیاریکراوە کە زیاتر لە ٣٥٠ کۆمپانیا بەشداری دەکەن، لە ١٥ وڵاتی جیھانەوە.