پارەكانم بخەمە كارەوە یان پاشەكەوتی بكەم؟

زۆرێك پێیانوایە كە هەڵگرتن و پاشەكەوتكردنی پارە و بەكارنەخستنی لە بەرزی و نزمییەكانی بازاڕ دەیپارێزێت، ئەم بیروباوەڕە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا زیاتر پەرەیسەند بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی توشی كەرتی كاركردن لەسەر ئاستی جیهان بووەوە، بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟

باوەڕی باو ئەوە كە بەكارنەخستنی پارەی پاشەكەوتكراو لە ترسی لەدەستدانی، پارێزگاری لە پارەكە دەكات، بەڵام ئەمە زۆر هەڵەیە، ئەمەش بەڵگە.

بنەمایەكی ژمێریاری هەیە كە ناوی (بنەمای 72)ە، لەڕێیەوە دەتوانین دوو كرداری ژمێریاری بكەین بۆ گەیشتن بە بەهای ڕاستەقینەی پارەی پاشەكەوتكراو.

بنەمای یەكەم: چەندێك كات بەسەر پاشەكەوتكراوەكانمدا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی نیوەی بەهاكەی بەهۆی ڕێژەی هەڵاوسانەوە لەدەستبدات، ئەگەر بەبێ ئەوەی هیچ وەبەرهێنانێكی پێبكەم دایبنێم؟

دووەم: چەند كات تێپەڕدەبێت تا بەهای پاشەكەوتكراوەكانم بكەمە دوو هێندە ئەگەر بیخەمە ئەژمێرێكی بانكی لەوانەی سود دەدەن؟

لە حاڵەتی یەكەمدا پێویستە ناوەندی ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەی تیای دەژیت وەربگریت، بۆ نمونە ئەگەر ناوەندی ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵات 6% بێت، ژمارە 72 دابەشی ژمارە 6 دەكەین و بەمەش ئەنجامەكە دەبێتە 12، واتە پاشەكەوتكراوەكانت پاش 12 ساڵ نیوەی بەهاكەی لەدەستدەدات، لەكاتێكدا ئەگەر ناوەندی ڕێژەی هەڵاوسان بەجێگیری بمێنێتەوە.

بەپێچەوانەشەوە لە حاڵەتی دووەمدا، ئەگەر ڕێژەی سود لە وڵاتدا 6% بێت، ئەمە واتای ئەوەیە پاشەكەوتكراوەكانت دەبێتە دوو هێندە پاش 12 ساڵ.

لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەگەر پارە پاشەكەوتكراوەكانت لە هیچ شتێكدا بەكارنەخەیت، مانای تەواوەتی ئەوە نادات كە پارێزگاریت لێكردووە.

بۆیە شارەزایانی ئابوری ئامۆژگاریمان دەكەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ پاراستنی پارە لە ڕێژەی هەڵاوسان، كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەهاكەی لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا، سەرەڕای ئەوەی “لەژێر پشتییەكەشتدا” پاراستوتە و شاردوتەتەوە.