وەزارەتی کشتوکاڵ داوا ده‌كات زەوی بۆ دروستکردنی کارگە دابین بکرێت

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند داواکاری دامەزراندنی ژمارەیەک کارگەی بەروبوومی کشتوکاڵییان داوەتە حکوومەت و پێشنیازیشیان کردووە لەمەودوا زەوی بەردەڵان بۆ دروستکردنی کارگەکان دابین بکرێت.

حسێن حەمە کەری موتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  ڕاگەیاند: “لەو ژمارە کارگەیەی کە دەستەی وەبەرھێنان ڕایگەیاندوە ،کارگەی جۆراوجۆری گرنگی تێدایە و ئێمەش وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پلانی خۆمان داوەتە حکوومەت و دەستەی وەبەرھێنان”.

وتیشی: “لەداواکاری و پلانەکەدا داوامانکردوە کە کارگەی بەروبوومی کشتوکاڵی وەک کارگەی وشککردنەوەی ھەنجیر و مرەبا و بەروبومە کشتوکاڵییەکانی دیکە دابمەزرێت و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی ئەو بوارە بکرێت”.

باسی لەوەشکرد بە دامەزراندنی ئەو جۆرە کارگانە بەدەر لەوەی کە دەرفتێکی زۆری کارکردن بۆ ھاووڵاتییان دەڕەخسێت،کاریگەری ئەرێنیشی لەسەر بوژانەوەو ساغکردنەوەی بەروبومی کشتوکاڵی جووتیاران دەبێت.

حسێن حەمە کەریم، ئاماژەی بەوەش دا کە لە پێناو کەمنەبوونەوەی زەوی کشتوکاڵی داوایان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردوە لەمەودوا لە پێدانی زەوی بۆ دادمەزراندنی کارگە و پڕۆژەی پیشەسازی، تەنھا زەوی بەردەڵانیان پێبدەین.