عیراق رێگە بە گواستنەوەی بەرهەمی گەنم لە نێوان پارێزگاكاندا دەدات

لەپاش كۆتایهاتنی وەزری وەرگرتنی بەرهەمی گەنم، حكومەتی عیراق رێگە بە گواستنەوەی ئەو بەرهەمە لەنێوان پارێزگاكاندا دەدات.

لەو بارەیەشەوە، حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی كۆتایهاتنی وەرزی وەرگرتنی بەرهەمی گەنم لە جوتیاران، بریارماندا رێگە بدرێت بە هاتوچۆپێكردن و گواستنەوەی بەرهەمەكانی گەنم و جۆ لەنێوان پارێزگاكانی عیراقدا و ئەو كارەشیان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری جوتیاران و پاڵپشتیكردنی پرۆژە كشتوكاڵیەكانی كەرتی تایبەتدا داوە.

وتیشی: بەم بڕیارەیان سوودێكی زۆر بە خاوەن كێڵگەو پرۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر دەگەیەنن و بەرهەمی دانەوێڵەو عەلەفیش بەپێی پێویست و هاوسەنگ لە تەواوی پارێزگاكاندا دابین دەكرێت.

ئاشكراشیكرد: كە گەنم و جۆ یەكێكن لە بەرهەمە ستراتیژیەكان و دەیانەوێت ئەو پارێزگایانەی زیادە بەرهەمیان لە گەنم هەیە هەناردەی ئەو پارێزگایانەی بكەن، كە ئەمساڵ برێكی كەمترین لەوبەرهەمە هەیەو سەرجەم گومرگەكانیش راسپێردراون ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی ئەو بەرهەمە لەنێوان پارێزگاكاندا بكەن.