قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی سلێمانی نوێ پڕۆژەیەکی ستراتیژییە‌ و ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران رایگە‌یاند: هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و دارایی و کارگێڕی دەکەین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی سلێمانی نوێ.

ئەمڕۆ ٢٤ی ئابی ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ‌ئامادە‌بوونی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە‌گە‌ڵ لیژنەی ماستە‌رپلان و پڕۆژەی سلێمانی نوێ كە‌ بە‌ پڕۆژە‌ی سلێمانی بیست بیست ناسراوە‌، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی‌ پڕۆژەکە و پلانەکانی شارەوانی سلێمانی بۆ خێراترکردنی جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیە تاوتوێ کرا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداویستییەکانی جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەکە بە خێرایی دابین بکرێن و هەموو ئاسانکارییەکیش بكرێت بۆ ڕاییکردنی رێکارە یاسایی و دارایی و کارگێڕییەکان و خاوەنی ئەو زەوییانەش کە دە‌كە‌ونە‌ سنوری پڕۆژەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە.

قوباد تاڵەبانی داوای لە دامودەزگا حکومییەکان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ شارەوانی سلێمانی و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی داهاتوو ئاسانتر و خێراتر جێبەجێ بکرێن. 

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە و لە چوارچیوەی پلانی حکومەتی هەرێمدایە بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم و جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر دەکات و جگە‌ لە‌وە‌ش ژمارە‌یە‌كی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت.

پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست چەند شارێکی نیشتەجێبوون و چەند کارگەیەک و ناوچەی پیشەسازی و گەنجینەکان و عە‌لوە‌ی سلێمانی و چە‌ند خوێندنگە ‌و نە‌خۆشخانە‌یە‌كیش لەخۆ دەگرێت و لەسەر رووبەری ٢٢٠٠٠ دۆنم دروست دەکرێت، ئامانجیش لێی رێکخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار و بەهێزکردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.