(BMW) بەناوبانگترینە

بی ئێم دەبلیو كۆمپانیایەكی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمۆبیل، مۆتۆرسكیل‌و مەكینەی فڕۆكەیە، هەروەها خاوەنی كۆمپانیای ڕۆڵز ڕولسی بەریتانییە، ئەم كۆمپانیایە لەساڵی (١٩١٧)دا دامەزراوە كە هەر لەو ساتەوە نووسینگەی سەرەكی بی ئێم دەبلیو لەشاری “میونیخ”ی ویلایەتی “باڤاریا”یە لەئەڵمانیا.
بی ئێم دەبلیو یەكێكە لەسێ گەورەترین كۆمپانیای پڕفرۆشی ئۆتۆمۆبیلی جیهانی بەهاوشانی “ئاودی”و “مێرسیدس بێنز”. 
بی ئێم دەبلیو مۆتۆرسكیل بەرهەمدەهێنێت بەناوی بی ئێم دەبلیو مۆتۆراد كە تەنیا لەساڵی (٢٠١٠) بی ئێم دەبلیو (١١٢،٢٧١) مۆتۆرسكیل‌و (١،٤٨١،٢٥٣) ئۆتۆمۆبیلی بەرهەمهێناوە.
لەساڵی (١٩١٧)دا بی ئێم دەبلیو وەك یەكەیەكی بازرگانی دامەزرێنرا بۆ دروستكردنی مەكینەی فڕۆكە، بەڵام لەدوای جەنگی جیهانی دووەم فەرمانكرا بەسەر كۆمپانیاكەدا كە بەرهەمهێنانی مەكینەی فڕۆكە ڕابگرێت.
لەساڵی (١٩٢٣)دا بی ئێم دەبلیو دەستی بە بەرهەمهێنانی مۆتۆرسكیل كردو یەكەمین مۆتۆرسكیلی ئەم كۆمپانیایە ناوی (BMW R32) بوو بەرهەمهێنا.
لەساڵی (١٩٢٨-١٩٢٩) ئۆتۆمۆبیلی هێنایە بەرهەم كە یەكەم ئۆتۆمۆبیلی بی ئێم دەبلیو بەناوی (Dixi) بوو. 
لەساڵی (١٩٥٩) بی ئێم دەبلیو ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری توندبووەیە، بۆیە خاوەن پشكەكانی كۆمپانیاكە كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا بۆ بڕیاردان لەسەر كۆتاییهێنان بەكۆمپانیاكە، یان بەردەوامبوون، ئەنجامی كۆبوونەوەكە ئەو بڕیارە بوو كە ئۆتۆمۆبیلێك بەرهەمبهێنرێت لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونی كەمبێت چ بۆ كۆمپانیاكەو چ بۆ كڕیارەكانیشی، ئەو ئۆتۆمۆبیلەش ناونرا  (Isetta) كە خاوەنی تەنیا یەك پستۆن بوو، بۆ هەر (١٠٠) كیلۆمەترێك تەنیا (٣) لیتر بەنزینی پێویستبوو شێوەیەكی هێلكەیی هەبوو درێژێكەی (٢.٢٩)م‌و بەرزی (١.٣٧)م بوو ئەم جۆرە بی ئێم دەبلیوە (١٦١،٧٢٨) ئۆتۆمۆبیلی لێفرۆشرا ئەمەش یارمەتی كۆمپانیاكەیدا بۆ گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی لەڕووی ئابوورییەوەو بووە دەسپێكێك بۆ ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە تا ئێستا بەردەوامە.
لۆگۆی (BMW) كە لۆگۆیەكی ناسراوە كورتكراوەی “Bavarian Motor Works”ە بەواتای كاری ئۆتۆمۆبیلی باڤارییەت بریتییە لەهەرسێ پیتی (BMW) لەبازنەیەكی ڕەشدا دانراوەو لەناوەندیشدا ڕەنگی شین‌و سپی بەكارهێنراوە كە بریتییە لەئاڵای نەتەوەیی باڤاری.
لەساڵی (٢٠١٢) بی ئێم دەبلیو بەیەكەمین كۆمپانیای خاوەن ناوبانگی باش ناوزەندكرا.
“نۆربێت ڕیژۆفێر” بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكەیە لەساڵی (١٩٨٧)وە فەرمانبەر بووەو لەساڵی (٢٠٠٦) بووەتە بەڕێوەبەری گشتی.