به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاودێری بازرگانی سلێمانی له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌كانیانه‌وه (4220) سه‌ردانیان بۆ شوێنه گشتیه‌كان ئه‌نجامداوه، چه‌ندین ڕێوشوێنیان به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكاران گرتوه‌ته‌به‌ر.
(ڕه‌ئوف عه‌لی) لێپرسراوی به‌شی ئاماری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاودێری بازرگانی به NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌ماوه‌ی پێنج مانگی ڕابردوودا (4220) سه‌ردانیان بۆ چێشتخانه، به‌نزینخانه‌و شوێنه گشتیه‌كان ئه‌نجامداوه‌و (451) پسوڵه‌ی سه‌رپێچییان بۆ سه‌رپێچیكاران كردووه، كه بڕی (31) ملیۆن‌و (700) هه‌زار دینار غه‌رامه بووه.
ڕه‌ئوف عه‌لی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، (12) تۆن‌و (785) كگم كه‌ره‌سته‌ی ماوه به‌سه‌رچوو ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌و (11) تۆن‌و (648) كگم له‌و كه‌ره‌ستانه تهلهفكراوه، شه‌ش دوكانیش به‌داخستنیان بۆ پێنج ڕۆژ سزا دراون، باسی له‌وه‌شكرد له (6 تا 16-6-2013)، بڕی (15) هه‌زارو (118) تۆن‌و (120)كگم گه‌نم له‌سایلۆی سلێمانی له‌جوتیاران وه‌رگیراوه.