” كێشەی كەمی سوتەمەنی چارەسەر دەكرێت “

بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا هێنانی سوتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان ئازاد بێت، بەڵام بەمەرجی كوالیتی باش پشكنینی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە بۆ بكرێت تاوەكو رێگە لەهێنانی سوتەمەنی خراپ بگیرێت.
لەكۆبونەوەی رۆژی 10/6 ی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان  و پارێزگارەكانی هەرێم و بەسەرپەرشتی عیماد ئەحمەد بەرێوە چوو، پرسی چارەسەركردنی  كەمی سوتەمەنی و باشتركردنی كوالیتیەكەی تاوتوێكرا.
لە كۆبونەوەكەدا كەوەزیری سامانە سروشتیەكان و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادەی بوون، جێگری سەرۆكی حكومەت دوای گوێگرتن لەراپۆرتی پارێزگاكان لەبارەی بڕو كوالێتی سوتەمەنی و چۆنیەتی دابەشكردنیەوە،لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ ئەوەی گرفتی كەمی سوتەمەنی چارەسەر بكەن و رێوشوێنی تازە بگرنە بەر بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باش و بێگرفت بەنزین و نەوت و گازوایل بگاتە هاووڵاتیان، بۆ ئەم مەبەستەش تەئكید لەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرایەوە،بەو پێیەش وەزارەتی سامانە سروشتیەكان قەرەبووی ئەو بڕە سوتەمەنیە بكاتەوە كەمافی هەرێمەو  لەحكومەتی فیدراڵی عیراقەوە وەكو پێویست ناگاتە هەرێم ، هەروا بەرپرسیارێتی چاكردنی كوالیتی سوتەمەنی روبەڕوی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرایەوەو جێگری سەرۆكی حكومەتیش بڕیاریدا كەسەرجەم پێداویستیەكانی تاقیگەی پشكنینی سوتەمەنی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە بۆ ئەو مەبەستە دابین بكرێت.
لە بەشێكی تری  كۆبونەوەكەدا بڕیار درا كەهێنانی سوتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان ئازاد بێت بەڵام لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندو پسپۆر كەلەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان و بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی سوتەمەنی پارێزگاكان و نوێنەرێكی پارێزگا پێك دێت پشكنینی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی رێگە لەهێنانی سوتەمەنی خراپ بگیرێت، هاوكات ئەو لیژنەیە دەسەڵاتی ئەوەشی هەبێت سەردانی عەمبارەكانی سوتەمەنی و بەنزینحانەكان لەهەر شوێنێك بكات بەمەبەستی پشكنینی جۆرەكەی.
لەدرێژەی كۆبونەوەكەدا بڕیار درا لیژنەیەك لە دەستەی ژینگەو شارەوانی و رێگاوبان  پێك بێت بۆ بەدواداچوونی پاڵاوگە بچووكەكان و رێكخستنەوەیان بەشێوەیەك كەلەگەڵ پێداویستی بازاڕ دا بگونجێت و رەچاوی پاراستنی ژینگەش بكرێت.