كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی خواستیان له‌سه‌ر ئاژه‌ڵی هاورده‌ زیادكردووه‌

ساڵانە بەرلە ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ لە شاری سلێمانی قەرەبالغیەکی زۆری بەخۆوە دەبینی و قوربانی زۆریان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ وەک ساڵانی رابردوو ئەم گەرموگوڕیەی نییە.

زۆرێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵ لە شاری سلێمانی لە چاوەڕوانی کڕیارانی سەر ئاژەڵی گەورە و بچووکن، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووریی، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و توندکردنەوەی رێکارەکان لە رۆژانی جەژندا، ئەمساڵ بازاڕی ئاژەڵفرۆشان زۆر سستە، ئەمە گوتەی حاجی شەریف حەسەن بوو کە لەمڕۆدا، هیچ سەرئاژەڵێکی نەفرۆشتووە بۆ قوربانی، لەکاتێکدا تەنها دوو رۆژی ماوە بۆ جەژنی قوربان.

حاجی شەریف حەسەن لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان وتی: ”بەهۆی ئەوەی کە لە وڵاتانی دەرەوە سەرئاژەڵمان بۆ دێت، ئەوانەی خۆمان فرۆشی نەماوە، چونکە ئەوانەی لە دەرەوە دێن هەرزانتر دەکەون، بگرە زۆرێکیان نەخۆشن، بۆیە هەرزانەکە زیاتر رەواجی دەبێت، زۆربەیان دەرزی لێ دەدرێت کە دەرزی بەنجە، ئەویش وەک بیستوومانە بۆ تەندروستی خراپە، وڵاغی کوردی ساڵێک خۆمان بەخێوی دەکەین، بەڵام دواتر بۆمان ساغ ناکرێتەوە بەهۆی ئەوەی گرانتر دەکەوێت. کێشەمان ئەوەیە ئێمە تیاماندایە ساڵێک و سێ مانگە وڵاغەکەی بەخێودەکات و زەحمەتی پێوە دەکێشێت، دواتر کەسێک دێت کە لە دەرەوە وڵاغی هێناوە، بە سەعاتێک دوو سەعات ساغیان دەکاتەوە لەکاتێکدا هەندێکیان بە ساڵ ئێرە نابینن”.

حاجی شەریف حەسەن وتیشی: “ئەگەر بێت و هێنانی سەرئاژەڵ لە وڵاتانی دەرەوە کەم بکرێتەوە ئەوا ئاژەڵی خۆماڵی زیاتر ساغ دەبێتەوە. لەو کاتەی رێکاری بەرەنگاری کۆرۆنا هەبوو کەسمان هەبوو لە گوندەوە یەک سەر ئاژەڵی دەهێنا رێگریان لێ دەکرد لە بازگەکان، بەڵام ئەوانەی تر بە بارهەڵگر ئاژەڵیان دەهێنا کەس گوێی پێ نەدەدا”.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە لە ئێران، بەڕازیل، هیندستان و سووریاوە سەر ئاژەڵ دەهێننە نێو بازاڕەوە لە هەرێمی کوردستان و وتی: “کڕیار دێتە لای من داوای نرخ دەکات من پێی دەڵێم کیلۆی بە پێنج هەزارە، دەچێتە ئەولاتر بە هەرزانتر دەستی دەکەوێت، بەڵام نازانێت هی چی وڵاتێکە، بۆیە ئێمە لەوێدا زیانی زۆرمان لێ دەکەوێت”.

کاوە جەلال یەکێکی تر بوو لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵ لە سلێمانی، ئەو ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئەمساڵ بازاڕی ئاژەڵ بۆ قوربانی زۆر سست و لاوازە، هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە بۆ قەیرانی دارایی و بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا.

کاوە جەلال کە پڕ بەقورگی خۆی هاواری دەکرد بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیاران، بەڵام کەسێک نەبوو بەدەم هاواریەوە بێت و سەرئاژەڵێکی لێ بکرێت بۆ قوربانی.

ئەو باس لەوە دەکات کە خەڵک لە دوو رۆژ پێش جەژنەوە دەست دەکەن بە کڕینی ئاژەڵی قوربانیی، هەندێکی تریان لە یەکەم رۆژ تا چوارەم رۆژ دەیکڕن و دەیکەنە قوربانی.

کاوە جەلال وتی: ”ئەوەی لە ماڵەوە جێگەی هەبێت دەچێت مەڕێک، بەرانێک یان بزنێک دەکڕێت و دابەستەی دەکات تا یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و ژمارەی قەسابێک وەردەگرێت و لە ماڵەوە بۆی سەردەبڕن و گۆشتەکەی بۆ جیا دەکەنەوە”.

کاوە جەلال گازندەی ئەوە دەکات کە ئەم هەموو مەڕەی لە مەیدانەکەدا ریز کردووە یەکێک نەهاتووە بڵێت بەچەندە، نەک تەنها بیشیکڕێت و وتی: ”جا نازانم پەیوەندی بەچییەوە هەیە، ئایا خەڵک ناوێرێت بیکڕێت، پارە نییە یان چییە نازانم”.

ناوبراو سەبارەت بە نرخی سەر ئاژەڵە جیاوازەکان بۆ هەر یەک کیلۆ گوتی: “مەڕ کیلۆی چوار هەزار یان ٢٥٠ دینار گرانتر، بەران کیلۆی پێنج هەزارە، بزن کیلۆی پێنج هەزارە یان چوار هەزار و نیو، بۆ نموونە یەک بزن ١٨٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار دەکەوێت، ئەمە بۆ کەسێکی ئاسایی کە پارەی کەم بێت زۆر گرانە”.

ئازاد محەمەد کە پیشەی مامۆستایە و هاتبوویە مەیدانی ئاژەڵ باسی لەوە دەکرد تەنها توانیوێتی یەک بزن بکرێت ئەویش ١٨٩ هەزار کەوتووە و دەیباتە ماڵەوە تاوەکو بۆ رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان سەری ببڕێت و بیکاتە قوربانی.