لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، هاووڵاتییانی سلێمانی چەندین رێگادەگرنە بەر بۆ خۆفێنککردنەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، هاووڵاتییانی شاری سلێمانی چەندین رێگای جیاواز دەگرنە بەر بۆ خۆفێنککردنەوە.

هەندێک لە هاووڵاتییان لەگەڵ ئەوەی کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە، ناچارن لەبەر بژێوی ژیانیان سەرەڕای گەرماکە لە دەرەوە بمێننەوە.

بەو هۆیەوە هاووڵاتییان و کاسبکاران کە ناچارن لە بەردەم پلەکانی گەرمادا بمێننەوە، بەڕێگای جیاجیا خۆیان فێنک دەکەنەوە، هەندێکیان بۆ دروستکردنی سێبەر، مقەبا دەخەنە سەریان، ئەوانی تریش لەڕێی سەهۆڵەوە ئاو سارد دەکەن و لەو رێیەوە خۆیان فێنک دەکەنەوە.

بەهۆی کەمی کارەباشەوە هاووڵاتییان لەڕێی فێنککەرەوە (موبەریدە) زیاتر نێوماڵەکانیان فێنک دەکەنەوە، ئەوانەیشی کە باخچەیان هەیە، هەوڵ دەدەن شێداری بکەن و بەوەیش خۆیان و ماڵەکانیان فێنک دەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی سلێمانی ئاگاداریەکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە شەپۆلێکی گەرما پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.