له‌رێگه‌ی پڕکردنەوەی فۆڕمه‌وه‌ رێگه‌ به‌ هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێم دەدرێت

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان له‌نێوان پارێزگاكان كاراكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هاوڵاتیان ده‌توانن له‌كاتژمێر 9:00ی به‌یانی تاوه‌كو 2:00ی پاشنیوه‌ڕۆ فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی پڕبكه‌نه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ پارێزگاكان داواشكراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نیزامی و له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌ ته‌ندروستیه‌كان كار به‌ سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی بكرێت له‌ بازگه‌كاندا.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوه‌ به‌ هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان ئاسانكاریی زیاتر بۆ هاونیشتمانیان بكرێت و به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی ڕێگه‌ به‌ هاوڵاتیان بدرێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی ئه‌لیكترۆنی هاوڵاتیان له‌ كاتژمێر 9:00ی به‌یانی تا 2:00ی سه‌ردانی ماڵپه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكه‌ن.

لە کۆبونەوەی دوێنێی نێوان وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگارەکانی هەرێم بڕیاردرا ئاسانکاری زیاتر بۆ هاتوچۆ نێوان پارێزگاکانی هەرێم بە گشتی و پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەتایبەتی بکرێت، ئەویش لە رێگەی کاراکردنەوەی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی و سەرپەرشتیکردنی لەلایەن خودی پارێزگاکانەوە نەک وەزارەتی ناوخۆ.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بڕیادرا دەروازەکان بەڕوی هاتوچۆی بازرگانی، نەخۆش و کاری پێویستی هاوڵاتیان کراوەبێت و لەدەروازەکانیش کەرتی تایبەت بە هاوکاری حکومەت پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکات کە دەگەڕێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە بڕیاربو 23ی ئەم مانگە فڕۆکەخانەکان بە ڕوی گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کراوەبن، بەڵام داوایان لە هەردو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی کردوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی زیاتر و ئامادەکاری بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی گەشتەکان و کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 1ی ئاب  فڕۆکەخانەکان بە ڕوی گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە داخراویی بمێننەوە.له‌رێگه‌ی پڕکردنەوەی فۆڕمه‌وه‌ رێگه‌ به‌ هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان لە هەرێم دەدرێت