لە سلێمانی لە یەکەم رۆژی قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا، بازاڕ جمەی دێت

سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیان لەنێو بازاڕ راگەیاند، بەڵام ئەمڕۆ هاووڵاتییانی شاری سلێمانی پابەند نەبوون بە رێنماییەکەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تەکسی و ئۆتۆمبێلی حکوومی و تایبەت لەنێو شەقامەکانی بازاڕدا دەبینران.

دوێنێ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی گشتاندنێکی نوێی راگەیاند و تیایدا ئاماژەی بەوە دابوو کە لە بەرەبەیانی ٢٥ی حوزەیرانەوە قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدرێت لەنێو سەنتەری شاری سلێمانی-دا، بەڵام ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ یەکەم رۆژی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، ژمارەیەکی زۆر تەکسی و ئۆتۆمبێلی تایبەت لەنێو شەقامەکانی بازاڕدا دەبینران.

هەریەک لە شەقامەکانی مەولەوی، پیرەمێر، گۆران و نزیک مزگەوتی گەورە جمەی دەهات لە ئۆتۆمبێل.

ئەوەی بەدی دەکرا هیچ کارمەندێکی پۆلیسی هاتوچۆ لەنێو بازاڕدا نەبوون، ئەوەیش دوای ئەوە دێت کە ماوەی هەفتەیەکە مانگرتنیان راگەیاندووە تاکو مووچەکانیان بەبێ کەموکوڕی نەگات، مانگرتنەکە ناشکێنن.

بەشێک لە هاووڵاتییان هۆکاری قەرەباڵغییەکە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە پۆلیسی هاتوچۆ لەنێو شەقامەکاندا رێگری چیمەنتۆیان دانەناوە، هاوکات پێیان وایە کە هاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبێل زیانی کەمترە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە وەک لە پیادەڕەوی.

ئەوەی بەدی دەکرا لە سەرەتای شەقامی مەولەوی و لە نزیک باخی گشتیی ژمارەیەک هاووڵاتی کاسبکار هاوشانی پۆلیسی هاتوچۆ بەردەوام بوون لە گردبوونەوەیان وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بڕیاری حکوومەت بۆ کەمکردنەوە و درەنگخستنی مووچەکانیان.