وەزارەتی کشتوکاڵ راگەیەندراوێکی لەبارەی ناردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ باشووری عێراق بڵاوکردەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی قەدەغەی ناردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ باشووری عێراق رایگەیاند، “لەگەڵ جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق كە نوێنەری كوردە لەهەوڵداین بۆ چارەسەركردنی”.
 
لەراگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بە قەدەغەکردنی ناردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە رایگەیاند، “دوای دەرچوونی بڕیارەكە وەزارەتمان لە پەیوەندی بەردەوام دابووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیارەكە بكرێت، لەرێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد نوسراومان ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عێراق كردووە، چونكە دەرچوونی ئەم بڕیارە پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە”.

دەربارەی چارەسەرکردنی کیشەکە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەگەڵ جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق كە نوێنەری كوردە لەهەوڵداین بۆ چارەسەركردنی”.

شایەنی باسە لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، “لە خاڵی چوارەمی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە كە نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشدار دەبێت لە بڕیاری دەرچوونی قەدەغەكردنی بەرووبوومی كشتوكاڵی. خاڵی پێنجەمیش رێگەی داوە كە بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت بۆ پارێزگاكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق”.

لە بەشی کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا راگەیەندراوە، “پشتبەستن بە بڕیارەی ژمارە 13ی ساڵی 2019ی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق و لەپێناو بەرژەوەندی جوتیاران و خاوەنكارانی هەردولا لە پەیوەندی بەردەوامداین بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەكە و چارەسەركردنی”.