جوتیارانی شارەزوور دەتوانن ڕۆژی ١٠٠ تۆن پەتاتە بخنە بازاڕەکانەوە

لە گوندی مەستەكانی دەشتی شارەزوور، کاتی هەڵکەندنی پەتاتەیە، وەک جوتیاران باسی دەکەن، ئەو پاتەیەی بەرهەمیان هێناوە جۆری سامتایە و بە تەواویی سروشتییە و لە خواردنیشدا تام و بۆنێکی خۆشی هەیە، دەشڵێن دەتوانن ڕۆژانە ١٠٠ تۆن پەتاتە بنێرنە بازاڕەکان، بەمەرجێک هاوکارییان بکرێت.


پەتاتە لە مانگی یەكەوە دەست دەكرێت بە چاندنی، لە هەموو زەوییەكیشدا ناكرێت، زەوییەكەی دەبێت فشۆڵ و شی بێت و نەلكێت بەیەكەوە، هەروەها قوڕ نەبێت و بەرز و وشك بێت، بەپێی خزمەتی پەتاتەكەش لەیەك دۆنم زەویدا، یەك تۆن بڕی نزیكەی ١٠ تۆن دەبڕێت.

دەشتی شارەزوور دەشتێكی بەپیت و بەرەكەتە و دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، جوتیاران ئەم سنوورە نیگەرانن کە حكومەت هاوكارییان ناكات، تەواوی ئامێر و پێداویستییەکانیان لەسەر گیرفانی خۆیان دەكڕن، یەك تۆن بنەتۆوی پەتاتەكەشیان بە ١٢٠٠ دۆلار دەكڕن لە بازاڕدا.

پەتاتە چەندین جۆری هەیە، ئەریزۆنا، بەرشەلۆنە، سامتا و چەندینیتر، بەپێی خزمەتەكەشی بڕی بەرهەمەكەی دەگۆڕێت، بەشێوەی زانستی ئەگەر تۆوی پەتاتەكە ورد بێت، دۆنمێك ٦٠٠ كیلۆی تێدەكرێت، بەڵام ئەگەر مامناوەند بێت بڕی ٩٠٠ كیلۆی تێدەكرێت.

ئەو پەتاتەیەی لەگوندی مەستەكان كراوە، تەنها بۆ خواردن بەكاردێت، بۆ دروستكردنی چپس بەكارنایەت، تەواوی بەرهەمەكانیشیان لە ناوخۆی هەرێم و عێراق ساغ دەكەنەوە.

محەمەد عەبدوڵا ماوەی دوانرە ساڵە بەردەوام خەریكی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتەیە، دەڵێت جۆری ئەو پەتاتەیەی چاندویانە جۆری سامتایە و ناوی زەرد و خواردنی خۆشە، دەشڵێت: ساڵی ڕابردوو ٢٠ تۆن پەتاتەم چاندبوو، ئەمساڵ نزیكەی ٩٠ تۆن پەتاتەم چاندووە، بەڵام حكومەت هیچ هاوكارییەكمان ناكات، تەنها سێ فەردە كوتیان پێداوم، تەواوی تێچووەكانی لەسەر گیرفانی خۆمانە، داواكارییشمان لە حكومەت ئەوەیە هاوكارییمان بكات، بەرپرسەكان بە ئێمەیان دەوت جوتیاران دەمیانكردووەتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن حكومەت موچەیان بداتێ.

محەمەد عەبدوڵای جوتیار وەک خۆی باسی دەکات، بە کارەکەی بژێوی ١٠ خێزان پەیدا دەکات.

سالار محەمەد جوتیارێكی دیكەیە، دەڵێت بەهۆی کارەکەیانەوە ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ کرێکار كاریان بۆ دەكەن، تەنها داواكاریان لە حكومەتی هەرێم ئەوەیە، “بەبازاڕكردنمان بۆ بكات و بەرهەمەكانمان ساغ بكاتەوە، كارێكی وانە كات لە مەرزەكانەوە بەقاچاغ بەروبووم لە دەرەوە هاوردە بكات”.

سالار دەڵێت ئەگەر بازاڕ هەبێت ڕۆژانە دەتوانن ١٠٠ تۆن پەتاتە بخەنە بازاڕەكانی كوردستانەوە، نیگەرانە لەوەی کە دەینێرنە عەلوەکان کیلۆی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ دینار دەکات.