هاتوچۆی سلێمانی: ئەمڕۆ ته‌نها ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆكانیان ژمارەی تاكە دەتوانن لەسەر شەقامەكان بن


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆكانیان ژمارەی تاكە دەتوانن لەسەر شەقامەكان بن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ شەممە بڕیاری جوڵەی ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی بەگوێرەی سیستمی تاك و جوت جێبەجێدەكرێت و ئەمڕۆش تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆكانیان هەڵگری ژمارەی تاكە دەتوانن كاربكەن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە مانگێكە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێم ڕاگیراوە و چەند ڕۆژێكە وەك هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان كراوە.

بەپێی زانیارییەكان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنووری قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لە ئەمڕۆ شەممە ٢٥/ ٤/ ٢٠٢٠ەوە دەبێت بە سیستمی تاك و جووت، ئەمڕۆ شەممە تەنها هەڵگرانی ژمارەی (تاك) كاردەكەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جووت)، (ڕۆژە تاكەكان بەپێی ڕۆژمێر بۆ ژمارەی تاك دەبێت و ڕۆژە جووتەكان بەپێی ڕۆژمێر بۆ ژمارەی جووت دەبێت) و بەوشێوەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانیەوە بەوردی ڕێكاری پێویست لەم بارەیەوە دەگیرێتەبەرو سەرپێچیكار بەپێی بەیانی ژمارە (١٩)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ سزا دەدرێت.