بازرگانان نیگەرانن: بۆ ھەر کیلۆیەک گوڵەبەڕۆژە ٥٠٠ دینار گومرگ وەردەگیرێت

ئەو بازرگانانەی کە  گوڵەبەڕۆژە ھاوردەی کوردستان دەکەن، نیگەرانییەکان سەبارەت بەبڕیارێک کە بۆ ھەر کیلۆیەک گوڵەبەڕۆژە ٥٠٠ دینار گومرگ وەردەگیرێت دەگەیەننە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی،

ئەمڕۆ ١ی نیسان، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشوازی کرد لەژمارەیەک لەو بازرگانانەی کە گوڵەبەڕۆژە هاوردەی کوردستان دەکەن.

سیروان محەمەد رایگەیاند “ئەو بازرگانانەی گوڵەبەرۆژە ھاوردەی کوردستان دەکەن نیگەرانن لەگۆڕینی وادەو بەرنامەی ھاوردەکردنی گوڵەبەرۆژە کە ساڵانە لەبەرواری ٧⁄١  ڕێگە بەبازرگانان دەدرێت گوڵەبەڕۆژە ھاوردە بکەن، بەڵام بەبڕیارێک ئەو بەروارە گۆراوە بۆ ٤⁄١و بۆ ھەر کیلۆیەکیش گوڵەبەڕۆژە ٥٠٠ دینار کومرگ وەردەگیرێت”.

راشیگەیاند “ئەم بڕیارە گەورەترین کێشەی بۆ بازرگانان دروستکردوە، چونکە  پێوستە لەکاتی دەرچونی بڕیاری لەم شێوەیە پێشوەختە ئاگاداری بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بریارەکە دەرچووەو پێشوەخت بازرگانان ئاگادار نەکراونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی پێشتر بۆ هاوردە کردنی هەر کیلۆیەک ٤٠ دینار گومرگ وەردەگیرا، ئێستا بووە بە ٥٠٠ دینار، ئەمەش گەورەترین زیانی لەبازرگانان داوە”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەی رونکردەوە کە “بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پەیوەندیم کرد بەخاتوو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان‌و جەغتم لەوە کردەوە کە پێوست بوو حکومەت شەش مانگ پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە بازرگانان ئاگادار بکاتەوە، لەبەرئەوەی  لەئێستادا زیاتر لەھەزارو ٥٠٠ بارھەڵگر گوڵەبەڕۆژە ھاتووەو بازرگانان زیانی گەورەیان بەر دەکەوێت‌و بارگرانیش بۆ ھاوڵاتیان دروست دەکات‌و نرخ بەرزدەبێتەوە”.

سیروان محەمەد جەغتی لەوەش کردوە “وەک ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە ئەم کێشەیە بەزوترین کات چارەسەر بکەن، لەبەر ئەوەی ئەم بازرگانییە بۆ تەواوی شارەکانی عێراقە تەنھا بۆ ھەرێمی کوردستان نیەو بازرگانییەکی جیھانیە، دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی نرخ بەشێوەیەکی بەرچاو”.