ئەڵمانیا‌و گەشەی ئابووریی عیراق ‌

عیراق توانایەكی‌ ئابووری‌ گەورەی‌ هەیە‌و ئەوەش وایكردووە ژمارەیەكی‌ زۆر لەكۆمپانیا جیهانییەكان رووی‌ تێبكەن‌و بەدوای‌ كارو دەرفەتی‌ وەبەرهێناندا بەگەڕێن، كۆمپانیای‌ (تراپ)ی‌ ئەڵمانی‌ كە خاوەندارییەكەی‌ دەگەڕێتەوە بۆ خێزانی‌ (ئێرنست یواخیم تراپ)، بەڵام جیاوازی‌ ئەم كۆمپانیایە لەوەدایە كە تەنها لەدوای‌ پڕۆسەی‌ ئازادی‌‌و رووخانی‌ رژێمی‌ بەعسەوە، بەكاركردن لەعیراق ئاشنا نییە، بەڵكو زیاتر لە 60 ساڵە ئەو كۆمپانیایە لەعیراقدا كاردەكات‌و دەیان پڕۆژەی‌ جێبەجێ كردووە.
دەیان كیلۆمەتر رێگاوبان
ئێرنست بۆ یەكەمجار لەساڵی‌ 1952دا لەگەڵ باوكی‌ هاتە عیراق‌و ئەو كاتە تەمەنی‌ 17 ساڵ بوو، لەبارەی‌ سەرەتای‌ كاركردنییەوە لەعیراق دەڵێ:»ساڵی‌ 1952 كە لەگەڵ باوكمدا هاتینە عیراق، باوكم ئینگلیزی‌ نەدەزانی‌، بەڵام من لەخوێندنگە فێرببووم، لەبەرئەوە وەك وەرگێڕێك لەگەڵ باوكمدا كارم دەكرد‌و هەر ئەو ساڵەش یەكەم گرێبەستمان لەعیراقدا بەدەست هێنا، لەوكاتەوە سەدان كیلۆمەتر رێگاوبانمان لەعیراقدا دروستكردووە، هەروەها چەندین بەنداوو دامەزراوەی‌ پیشەسازیمان دروستكردووە‌و زۆر پڕۆژەی‌ تریشمان جێبەجێ كردووە. لەڕاستیدا كارو پڕۆژەی‌ باش لەعیراقدا بەردەوام بوو تائەوكاتەی‌ لەسەرەتای‌ نەوەدەكاندا سزای‌ بەسەردا سەپێنرا».
پڕۆژەی‌ نوێ
كۆمپانیای‌ (تراپ) كە ئێستا (ئێرنست) خۆی‌ بەڕێوەی‌ دەبات، بارەگاكەی‌ لەشاری‌ (فیزیل)ی‌ ئەڵمانیایە، دوای‌ ماوەیەك دابڕان بەهۆی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ عیراق‌و جەنگ‌و سزا نێودەوڵەتییەكانەوە، ئێستا كۆمپانیاكە گەڕاوەتەوە بۆ عیراق‌و لەپڕۆژەی‌ فراوانكردنی‌ كارگەی‌ پەینی‌ كیمیاییدا كاردەكات، ئەو كارگەیەش پێشتر‌و لەساڵانی‌ هەشتاكانی‌ سەدەی‌ رابردوودا هەر كۆمپانیای‌ (تراپ) بەهاوكاری‌ كۆمپانیای‌ (هۆخ تیف) دروستی‌ كردووە، ئێستاش بەپێی‌ پڕۆژەی‌ فراوانكردنی‌ كارگەكە، حەوزێكی‌ نوێی‌ بۆ دروست دەكات.
خێراترین گەشەی‌ ئابووری‌
شتیڤان بیم پسپۆڕی‌ تایبەت بەكاروباری‌ عیراق لەژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشەسازیی لەبارەی‌ عیراقەوە دەڵێ:»عیراق توانایەكی‌ ئابووری‌ گەورەی‌ هەیە‌و لەسەر ئاستی‌ وڵاتانی‌ باكووری‌ ئەفریقاو خۆرهەڵات خاوەنی‌ خێراترین گەشەی‌ ئابوورییە، چونكە ئێستا عیراق پێویستی‌ بەوەیە قەرەبووی‌ ئەو چەندین ساڵە بكاتەوە، كە بەهۆی‌ دوو جەنگی‌ وێرانكەر‌و سزای‌ نێودەوڵەتیشەوە دواكەوتووە، لەبەرئەوە جموجۆڵێكی‌ زۆر هەیە لەبواری‌ بنیاتنانەوەو نوێكردنەوەی‌ بوارەكانی‌ نەوت‌و غاز‌و ژێرخان‌و تەكنیكی‌ پاراستنی‌ ژینگە‌و پێداویستییەكی‌ زۆریشی‌ هەیە لەبواری‌ ئامێری‌ كارەبایی‌و پزیشكی‌‌و زۆر شتی‌ تریش».
هەناردەی‌ ئەڵمانیا بۆ عیراق
لەدوای‌ پڕۆسەی‌ ئازادییەوە كۆمپانیای‌ (تراپ) تاكە كۆمپانیای‌ ئەڵمانیا نییە كەدێتە عیراق بۆ وەبەرهێنان، بەڵكو چەندین كۆمپانیای‌ تریش هاتوونەتە عیراق‌و كاردەكەن، شتیڤان بیم لەوبارەیەوە رایگەیاند، لەماوەی‌ شەش ساڵی‌ رابردوودا بەرەپێشچوونێكی‌ باش بەرچاو دەكەوێت لەپەیوەندی‌ ئابووری‌ نێوان عیراق‌و ئەڵمانیادا، لەساڵی‌ رابردوودا ئەڵمانیا بەبڕی‌ نزیكەی‌ ملیارێك‌و 300 ملیۆن یۆرۆ شمەك‌و خزمەتگوزاریی بۆ عیراق هەناردە كردووە‌و ئەگەری‌ زیادبوونیشی‌ لێدەكرێت، لەكاتێكدا لەساڵانی‌ سەرەتای‌ پڕۆسەی‌ ئازادیدا هەناردەی‌ ئەڵمانیا بۆ عیراق لە 100 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕی‌ نەدەكرد.
بێ ژانەسەر نییە
كاری‌ كۆمپانیا ئەڵمانییەكان لەعیراق بێ كێشەو ژانەسەریش نییە، ئەو بەرپرسە لەژووری‌ بازرگای‌‌و پیشەسازیی دەڵێ:»یەكێك لەدیارترین كێشەكانی‌ بەردەم كاری‌ كۆمپانیا ئەڵمانیەكان، ناسەقامگیریی ئاسایشە، بەڵام بارودۆخی‌ ئاسایش لەهەرێمی‌ كوردستان باشترە بۆیە كۆمپانیاكان زیاتر روودەكەنە ئەوێ. هاوكات كێشەیەكی‌ تری‌ بەردەم كاركردن لەعیراقدا ململانێی‌ سیاسییە كە تائێستاش بەردەوامە‌و رێگرە لەبەردەم پەسەندكردنی‌ چەندین یاسا كە كاریگەرییان بەسەر وەبەرهێنان لەعیراقەوە هەیە».
سەرچاوە: DW