عیراق.. 10 پاڵاوتگەی نوێی نەوت دروستدەكرێت

بۆ چارەسەری گرفتی كەمی سووتەمەنی لەڕێگەی پلانێكەوە وەزارەتی نەوتی عیراق 10پاڵاوتگەی نەوتی  نوێ‌ دادەمەزرێنێت. 
فەیاز نعمە بریكاری وەزارەتەكە رایگەیاند: توانای هەر پاڵاوگەیەكی دروستكراو 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێت و بەوەش تا ئاستێكی باش  گرفتی كەمی سوتەمەنی‌و بەنزین لە وڵاتدا چارەسەر دەكات. 
وتیشی: لەئێستادا یەكەی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوتگەی بێجیدا كەوتۆتەكارو تایبەت كراوە بە بەرهەمهێنانی بەنزینی جۆری موحەسەن كە زۆر خاوێنەو هیچ جۆرە ماددەیەكی كیمیایی دیكەی تێكەڵ ناكرێت كە زیانی بۆ ژینگەو تەندروستی مرۆڤ هەبێت. 
ئاماژەی بەوەشكرد: وەزارەتی نەوت پلانی هەیە  لە پاش دابینكردنی پێداویستیەكانی ناوخۆ لە بەرهەمەكانی سوتەمەنی و بەنزین بڕی زیادەی سوتەمەنی و بەنزینی بەرهەمهاتووی عیراق هەناردەی دەرەوەبكات.