ئێران لەبارەی پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی عێراق بڕیاریدا

كونسڵخانەی ئێران لەشاری هەولێر رایدەگەیەنێت “پێدانی ڤیزای خۆڕایی ئێران دوو مانگی تر درێژ دەكرێتەوە و هاوڵاتیان دەتوانن بۆ دوو مانگی تریش بەبێ ڤیزا سەردانی ئێران بكەن”.
كونسڵخانەی ئێران لەشاری هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە “هەموو هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە ئێران ماوەی هەڵگرتنی ڤیزای بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بە پاسپۆرتی عێراقی سەردانی ئێران دەكەن، درێژ كردۆتەوە بۆ ماوەی دوو مانگی تر”.
هەروەها ئەوەش هاتووە، ماوەی هەڵگرتنی ڤیزا لە 28/12/2019 بۆ 25/2/2020 درێژكرایەوە، ئەو مۆرەی لە دەروازە سنوورییەكانەوە لە پاسپۆرت دەدرێت وەكو ڤیزای یەك مانگی دادەنرێت و پێویست بە وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەم ماوەیە ناكات.