کا کێشان لە شارەزوور تا ئێستاش بەردەوامە


ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو پیشانەی کە بژێوی بەشێک لە هاووڵاتییان دابین دەکات.

ئاژەڵداران لە سەرەتای بەهارەوە بۆ لەوەڕاندنی سەرئاژەڵەکانیان، پەنا دەبەنە بەر دەشت و کێوە بەرینەکان کە بە گیانی بەهارە سەوز بووە. وردە وردە لەگەڵ هاتنی هاویندا ئەو گیایانەی زەرد دەبن هێشتا دەبنە سەرچاوەیەکی خۆراکی بۆ ئاژەڵەکان، هەر بۆیە بەخێوکەرانی ئاژەڵ لەم دوو وەرزەدا تووشی هیچ ئاستەنگیەک نابن لە لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیاندا.

ئاستەنگییەکانی ئاژەڵداران دوای هاتنی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستان دەست پێ دەکات کاتێک دەشت و کێو بێ سەوزایی و گیا دەمێنێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە جووتیاران و خاوەن کێڵگە و ئاژەڵەکان، هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی کا کە پاشماوەی گەنمە و هیچ سوودێکی تری لێ نابینرێت، جگە لەوەی کۆبکرێتەوە و بکرێتە سەرچاوەی خۆراکیی ئاژەڵەکان لە زستاندا.

سه‌رده‌مانی پێشوو بە گا و گوێدرێژ خه‌رمانیان كوتیوه‌ و پاشان به‌ شه‌نكردن دانه‌وێڵه‌یان له‌ كا جیا كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئامێری پێشكه‌وتوو دروستكراوه‌ له‌وانه‌؛ هه‌باشه‌ و ئامێری نوێتریش تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ و كوتانی كا و دواتر له‌ شلیف ده‌كرێت و له‌ خه‌زێنه‌ی گه‌وره‌ داده‌نرێت كه‌ پێی ده‌گوترێت كایه‌ن یان كادان و له‌ وه‌رزی سه‌رمادا و به‌تایبه‌ت زستان ده‌درێت به‌ ئاژه‌ڵ.

کاکێشان پرۆسەی کۆکردنەوەی کایە و دواتر دەخرێنە نێو فەردەی تایبەتەوە و هەڵدەگیرێن بۆ زستان.

له‌ گوندی كوڵكنی لە دەڤەری شاره‌زور، عه‌بدوڵڵا عه‌بدولڕه‌حمان یه‌كێك له‌و ئاژه‌ڵدارانه‌یه‌ کە له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ و شلیفكردنی کان، به‌ده‌م دورینه‌وه‌ی شلیفه‌كان وتی: “ساڵانه‌ له‌م كاتانه‌دا ئه‌و كا-یه‌ی به‌ هه‌باشه‌ كوتیمانه‌ كۆی ده‌كه‌ینەوه‌ و له‌ كایه‌ن هه‌ڵیده‌گرین بۆ كاتی سه‌رما ئه‌وكات گژوگیا كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و له‌به‌ر سه‌رما و باران بارین ناتوانین ئاژه‌ڵ ببه‌ینه‌ ده‌رەوه‌ له‌گه‌ڵ بڕێك جۆ ده‌یده‌ین به‌ مه‌ڕ، بزن و مانگا”.