کوردستان لەگەڵ بەلجیکا پرۆتۆکۆڵی بازرگانی واژۆ دەکات


شاندێکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەلجیکا پرۆتۆکۆڵێکی بازرگانی ھاوبەشی واژۆ کرد.

عوسمان فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ”ڕۆژی سێ شەممە لەھەرێمی فلاندێرزی وڵاتی بەلجیکا شاندی یەكێتی ژورە بازرگانیەكانی ھەرێم  لەگەڵ ژوری بازرگانی ئەنتوێرپ، پرۆتۆكۆلی لێكتێگەشتنی واژۆ کرد”.

راشیگەیاند لەسەردانەکەی شاندی بازرگانی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێم چەندین دیدار لەگەڵ كۆمپانیا بازرگانیەکان ڕێكدەخەن‌و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی بەلجیکا کۆبونەوە ئەنجام دەدەن.

ئاماژە بەوەش دەکات ئامانجی سەردانەکە ھاندانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەیە تا بێنە ھەرێم‌و کاری بازرگانی ئەنجام بدەن، بەتایبەتی ئاسانکارییان بۆ هێنانی کارگەکان بۆ‌ كوردستان‌و کەرتی کشتوکاڵ بەرەو پێشبەرن.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ئەوەی رونکردەوە لەکۆبونەوەکەیاندا دڵنیاییان بەکۆمپانیاکانی بەلجیکا داوە کە کوردستان ئارامەو دەتوانن کاری ھاوبەش ئەنجام بدەن لەگەڵ بازرگانان‌و کۆمپانیاکانی کوردستان، لەتایبەتی لەکەرتی کشتوکاڵدا حکومەت گرنگی بە بەروبومی ناوخۆیی دەدات‌و ھانی کۆمپانیاکانیش دەدات بەرھەمی ناوخۆیی زیاد بکەن کە لە ئێستادا هاوردەکردنی چەندین جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی قەدەغەکراوە یان گومرگیان لەسەر زیادکراوە”.
لەبەرامبەریشدا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا، جیل سوێتێنس رایگەیاند  “خوازیارین وەبەرھێنان لەسێکتەرە جیاوازەکانی کوردستاندا بکەین”.
نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەیەکێتی ئەوروپا، دلاوەر ئاژگەیی کە رۆڵی ھەبووە لەدروستکردنی پەیوەندی بازرگانی‌و سیاسی لەنێوان ھەردوو ھەرێمدا، بەگرنگییەوە باسی لەپتەوکردنی ئەو پەیوەندیانە کرد لەنێوان هەرێمی کوردستان‌و وڵاتی بەلجیکادا بەمەبەستی پێشخستنی بواری وه‌به‌رهێنان‌و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی ئابوری‌و بازرگانی‌.

بڕیاروایە شاندە بازرگانیەکەی ھەرێم لەچەند ڕۆژی داھاتودا ژمارەیەک کۆبونەوەو دیداری دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی‌و کۆمپانیا بازرگانیەکان ئەنجامبدات. 

وڵاتی بەلجیکا پێکھاتووە لەسێ ھەرێم، ھەرێمی فلاندێرزی‌و والۆنی‌و برۆکسل. ھەرێمی فلاندێرزی دەوڵەمەندترین ھەرێمیانە، لەبەرئەوەی زۆربەی وەبەرھێنان‌و بازرگانی‌و پیشەسازی دەکەوێتە ئەم ھەرێمەوه‌، هاوکات فلاندێرزییەکان دەسەڵاتیان لە ناو حکومەتی فیدراڵی بەلجیکا زۆرترە.