باخچەكانی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك لەسەر “داری سەبەحبەح” بڵاودەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە “داری سەبەحبەح” بڵاودەكاتەوە و دەڵێت: “بیرو بۆچوونی ئەو كەسانە ڕەتدەكەینەوە” هاوكات ئاماژە بە چەند سوودێكی ئەو دارە دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا، ئاماژەی بەوەكردووە، “چەند ڕۆژێكە چەند كەسانێكی ئامادەكراو بەبەرنامە و بە ھاوكاری چەند ماڵپەڕ و پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ھەڵمەتێكی ناڕەوا لەسەر داری (سەبەحبەح ) یان ناوە زانستیەكەی (azadirachta indica melia) بڵاوكردۆتەوە”.

ڕاشیگەیاند، چەند جارێك لەسەر ئەم دارە زانیاری گشتیمان بڵاوكردۆتەوە لەسەر سوود و باشیەكانی بەتایبەتی لە وەرزی ھاویندا، كە بەرگەی كەم ئاوی و پلەی بەرزی گەرما دەگرێت و دەیان سوودی تر لەبواری پزیشكی دەرمانسازی و قەڵاچۆكردنی مێروو هەیە لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەرێكی سەوزایی باش و جوانی ھەیە.

دەشڵێت: “وەك بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان پێمان وایە ئەو كەسانەی لەسەر شاشەی تی ڤی و ڕادیۆ و شوسیال میدیا چاوپێكەوتنیان بۆ سازدەكرێت بە ھەندێك فلتەری پسپۆڕی زانیاریدا تێپەڕن، ناكرێت ئەم جۆرە كەسانە شارەزا بن لە ھەموو بوارێدا، بۆیە ئێمە وەك ئەركی ئەخلاقی خۆمان بیرو بۆچوونی ئەو كەسانە ڕەتدەكەینەوە، كە زیانیان بۆ شاری سلێمانی و دروستكردنی دڵەراوكێ ھەیە”.

بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان سوپاس و پێزانینی بۆ ھاووڵاتیانی شاری سلێمانی و كەسانی شارەزای كشتوكاڵی و دكتۆرەكان هەیە، كە “لەیەكەم بڵاوبوونەوەی ئەو پڕۆپاگەندانە خۆیان بە پەرچە كردارانە ھەڵوێستی باشیان نواند و چەندین زانیاری گرنگیان لەسەر ئەم دارە بڵاوكردەوە”.

ئاشكراشی كردووە، ئەو داتا و ئامارانەی، كە پێمان گەیشتووە لە ١٠ بۆ ٢٥ ساڵی ڕابردوودا تاكو ئێستا ھیچ كەسێك بەھۆی ئەم دارەوە گیانی لەدەست نەداوە، بۆیە داواكارین دەیان بابەتی ھەستیار و گرنگ ھەیە پەنجەی بۆ درێژ بكرێت نەك دار و درەختەكانمان.