دەرگای سنووری نێوان عێراق و سووریا دوای ساڵانێک دەکرێتەوە

دوای ٥ ساڵ لە داخستنی، هەفتەی داهاتوو دووبارە دەرگای سنووری ئەلقائیم-ی نێوان عێراق-سووریا دەکرێتەوە.

لە روونکردنەوەیەکدا مەحمود فەلاح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئەنبار رایگەیاند، ”دەرگای سنووری ئەلقائیم ساڵی ٢٠١٤ لە دوای داگیرکردنی بەشێکی زۆری عێراق لەلایەن داعش، داخرا. دوای خاوێنکردنەوەی ناوچەکە لە بۆمب و گرتنی رێوشوێنی ئەمنی، هەفتەی داهاتوو دووبارە دەروازە سنوورییەکە دەکرێتەوە”.

هاوکات مەحمود فەلاح ئاماژەی بەوە کردووە کەوا کردنەوەیە دەروازە سنوورییەکە ژمارەیەک کۆبوونەوە لە نێوان ئیدارەی شام و بەغداد بەدوای خۆیەوە دەهێنێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد کەوا لە سەرەتادا تەنها یەک ئاراستەی دەرگای سنوورییەکە دەکرێتەوە و راشیگەیاند، ”کردنەوەی ئەم دەرگا سنوورییە یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ دووبارە نوێکردنەوەی شاری ئەنبار”.