ئۆپێک ماوەی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٩ مانگ درێژ دەکاتەوە

ئۆپیک و هەندێک لە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک بە رووسیاوە رێککەوتن لەسەر درێژ کردنەوەی سنووردار کردنی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بۆ ٩ مانگی تر.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ڤیەننای پایتەختی نەمسا، رێکخراوی بەرهەمهێنەرانی نەوت (ئۆپیک) و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک کە رووسیا لەسەرووی هەموویانەوەیە بڕیار درا لەسەر درێژ کردنەوەی سنوردارکردنی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بۆ ٩ مانگی تر.

لە شەشەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی وزە و نەوتی وڵاتانی ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک، کە ٢٤ وڵاتن بڕیاری سنوردار کردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان تا ٣١ی ئازاری ٢٠٢٠ درێژ کردەوە، کە پێشتر لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا بڕیاریان لێ دابوو.

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری وزەی رووسیا ئالەکساندەر نۆڤاک ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ کاریگەری ئەرێنی هەبوو، هاوکات رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە کەمکردنەوەی شەپۆلەکانی بازاڕدا.